بەیاننامەیەک لە دەڤەری هەڵەبجەی هاوپەیمانیەوە

بەیاننامەی دەڤەری هەڵەبجەی ھاوپەیمانیی نیشتیمانی لە یادی (٣١) ھەمین ساڵەی کیمیابارانی ھەڵەبجەدا.

بەناوی خودا، لە یادی (٣١)هەمین ساڵڕۆژی مەرگەسات و کۆکوژی دانیشتوانی شاری ھەڵەبجە و ھەورامان و شارەزوردا، بەڵێن دوپواتدەکەینەوە کە ھەمیشە و بەردەوام بەوەفابین بەرامبەر بە خوێنی شەھیدەکان، لەیادیان نەکەین، سەری ڕێزیان بۆ نەوی دەکەین، خۆڕاگری و ھەڵوێستی شەرەفمەندانەی بنەماڵەکانیان بەرز دەنرخێنین.

ھیواخوازین بریندارەکان چیتر لەمە زیاتر ئازارەکانیان درێژە نەکێشێت و قوربانییەکان بەگشتی بە فەرامۆشی نەسپێردرێن، ھاوکات لێکەوتە و دەرھاویشتەکانی ئەم مەرگەساتە بەکۆتا بگات.

بۆیە ھەڵەبجە و ھەڵەبجەییەکان بە گشتی پێکەوە بونە قوربانی، بونە سومبولی بەرگری و ناسنامەی نەتەوەیەک، کەدەیان ساڵ بوو لە پەراوێزی مافەکانی مرۆڤ بون و شایستە نەتەوەیی و حوکمداریدا وەلا نرابوون .

جیھانی دەرەوە لەگوزەرەکانی ژیان و مافەکانیان بێئاگابوو، لە ئاست ستەم و پێشێلکردنی مافەکانیان بێئاگا بوو، کەڕ و نابینا بوو، تا ھەڵەبجە و کارەساتەکەی بویە بومەلەرزەیەکی گەورەی ویژدانی و ویژدانی مرۆڤایەتی ھەژاند.

لەھەمانکاتدا بوویە دەروازەیەکی ترووسکای ویژدانی مرۆڤایەتی بەخەبەر ھێنایەوە بەرامبەر بە ئازارەکانی کوردو دۆزە رەواکەی، کە پێشتر بەدەیان ساڵ بوو بە فەرامۆشی سپێردرابوو، ھیوادارین لەم سۆنگەیەوە، ئەم کارەساتە بەئازارە ویژدانی ھەموو بڕیار بەدەستەکان بھەژێنێ و کاری بەپێچ و پەنا و فریودان و چەواشەکاری و فەرامۆشکردن بەرانبەر بەمافەکانی خەڵک وازلێبھێنن.

تا ھەرچی زوترە ئاوڕێکی جدی لە داخوازییەکانی خەڵکی شار بدەنەوە و کۆتایی بە میحنەت و ئازار و داخوازییەکانی خەڵک بدەنەوە، متمانە و خۆشەویستی لە نێوان دەسەڵات و خەڵکی ھەڵەبجەدا دروستبکرێتەوە .

 

 

لەکۆتایدا ھیواخوازین ھەموو بۆنە و یادەوەرییە نیشتمانی و نەتەوەییەکانمان بەرزو پیرۆز ڕابگرین، تەواوی ھاونیشتمانیانی کوردستان لە بۆنەی نیشتمانیدا کۆببنەوە و لەچوارچێوەی دیدگای (مرۆڤ سەنتەری) و ھاوڵاتیبووندا (تەبا و یەکگرتووبین) .

دووبەرەکی و کێشمەکێشی کورسی و دەسەڵات وەلانێین و پێکەوە تێبکۆشین لە پێناو دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە و کوردستانێکی پێشکەوتوو ئارام .

دەڤەری ھەڵەبجەی ھاوپەیمانیی نیشتمانی

15ی ئازاری 2019