ڕاگەیەنراوێک لە هاوپەیمانیی نیشتمانیەوە

بەیاننامەی هاوپەیمانیی نیشتمانی لە ساڵوەگەڕی کیمیاییابارانی هەڵەبجەدا

 

ئازاری ئەمساڵ، سی و یەک ساڵ بەسەر کیمیاییباران و شەهیدبوونی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور تێپەڕدەبێت، بەو بۆنەیەشەوە جارێکیتر سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدان دەکەین و لە خوای گەورە داواکارین شیفای برینداران بدات کە پاش سێ دەیە و لە سایەی حوکمڕانی هەرێمدا نەتوانراوە خزمەتی شایستە بکرێن و هەوڵی چارەسەری بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە ئاستی پێویستدا نەبووە.

 

 

ھەڵەبجە بویە ناسنامەی گەلێکی ستەمدیدە و رەوشی گەلی کوردی زیاتر بە ناوەندە نێودەوڵەتیەکان ناساند، بەڵام بە داخەوە لەئاستی ھەرێم و عێراقدا بایەخی پێویست بە جینۆسایدی ھەڵەبجە نەدرا.

 

 

هاوپەیمانیی نیشتمانیی بە گرنگییەوە لە پێگەی جوگرافی و رۆشنبیری و ستراتیجی پارێزگای هەڵەبجە دەڕوانێت کە بەشێکە لە شانازیی و شارستانییەتی کوردستان و پێداگری لەسەر هەرچی زیاتری خستنەگەڕی کاروبارە ئیدارییەکانی پارێزگاکە و دەستپێکردنەوەی هەرچی زووتری پڕۆژە خزمەتگوزاری و ئاوادەنییەکانی هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور دەکاتەوە کە تا ئێستاش دانیشتوانەکەی باجی ململانێ حزبیی و سیاسییەکان دەدەن.

 

 

هەروەک بە پێویستی دەزانین هەرچی زووترە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشە بودجەی پێویست بۆ قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان و بریندارانی کیمایی تەرخان بکاتەوە و دۆسیەی منداڵە وونبووەکانی هەڵەبجە چالاکتر بکاتەوە لە پێناو ئاشناکردنەوەیان بە کەسوکاری سەربەرزیان.

 

 

ھاوپەیمانی ھەوڵی بەردەوام دەدات کەیسی ھە ڵەبجە بە زیندووی رابگیرێت و کاری لەسەر بکرێت لە ناوەندە جیھانیەکاندا تا ھاولاتیانی ئەو دەڤەرە بگەن بە مافەکانی خۆیان و برینی چەند ساڵەیان سارێژ ببێت .

 

 

هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدان و تەندروستی باش بۆ برینداران و سوکنایی بۆ دایکانی سەربەرزی هەڵەبجە خوازیارین.

 

ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانیی نیشتمانی

16/3/2019