موئمین زەڵمی
16, ئازار 2019

بەڵێ … تیرۆر دینە!

دوو ڕووداوی ئەم ڕۆژانەی ئازار و دەیان رووداویتری ئەم مانگی ئازارە و هەزاران رووداویتری ئەم ساڵی ئازارە، مەرگەسات و قەتڵوعام و جینۆسایدو ئەنفال و کیمیابارانن و مرۆڤ تێیایدا لەناودەبرێت. بۆیەش وەستانێکی جیدییمان پێویستە لەسەر ( تیرۆر)، چونکە لەم هەرێمەشەوە کەسانێک دەبنە تیرۆریست و زۆرینەشمان قوربانیی تیرۆرین.

کورت و پوخت دەمەوێ بە پێچەوانەی هەمووانەوە بڵێم: “بەڵێ … تیرۆر دینە! ” و هەتا بێدینی خۆمان لە تیرۆر نەسەلمێنین هیچمان بە هیچ نابێ، بەڵێ تیرۆر دینە، تیرۆر فیکرە، تیرۆر ئەقڵە، تیرۆر ئایدۆلۆجیایە، و تیرۆر تێزە … هەموو ئەوانەی دەبنە تیرۆریست و مرۆڤ کەلەپاچە ئەکەن، سەری دەبڕن، کیمیایی دەکەن بەسەریدا، لە مزگەوت و کەنیسە و تێمپڵ و حسێنیەیا خۆیان دەتەقێننەوە و مرۆڤەکان ئەکوژن خەریکی جۆرێکیتری دینداری و جۆرێکیتری مومارەسەکردنی دینی خۆیانن، قورەیشییەکان لەبەر دینەکەیان بووبوونە تیرۆریست و ویستیان پێغەمبەر (د.خ) تیرۆر بکەن، مێژوو پڕیەتی لە شوێنکەوتووانی دینی ئیرهاب و تیرۆر.

زۆرمان لەسەر تیرۆر بیستووە و زۆرمان لەسەری خوێندووەتەوە و زۆرمان لەسەری بینیوە، بەڵام تیرۆریستەکان هەر لە گەشەدان و هەر خەریکی چەکەرەکردنن و هەر خەریکی زیادبوون، دینی تیرۆر ئێستا بەهێزترین دینی سەرزەوییە، شوێنکەوتووانی تیرۆر لە هەموو دینەکانیتر زیاترن و لە هەموو دینەکانیتریشەوە خەڵک زۆرن کە تیرۆر بە دینی یەکەمی خۆیان دەزانن، شەڕو کوشتن و کاولکارییەکان بەئیعازی (دینی تیرۆر) و بە تەفسیری دەقەکانی تیرۆر ئەنجامدەدەرێن و پاداشتییشیان گەورەیە، سەرە گەورەکانیان خەریکی بازرگانی گەورەن و دینەکەیان بووەتە کاڵای مەزنی بزنسەکەیان.

چارەسەریش ئەوەیە کە خۆمان داماڵین لە فیکر و عەقڵ و بیرکردنەوەی دەقەکانی تیرۆر، بێدینی خۆمان لە تیرۆر ڕابگەیەنین لە هەموو دەقە تیرۆیستییانەی لە مەسیحییەت و هیندۆس و یەهودییەت و ئیسلامیشا خەریکی چەکەرە کردنن خۆمان بێبەری بکەین، تۆ شوێنکەوتەی هەر دینێکی دەبێ گیانی تۆڵە لە خۆت بکەیتەوە، مرۆڤبوونی خۆت بسەلمێنی، هەمووان وەک مرۆڤ ببینی، رێز و شکۆ و کەرامەتی مرۆڤ یەکەمین بێت، تۆ خۆت مرۆڤیت، بیسەلمێنە کە مرۆڤەکانیترت لەسەر بنەمای مرۆڤبوون خۆشدەوێت نەک هیچیتر، دەبێ ئەمە بکەینە بنچینەی پێکەوەژیان و کۆتایی هێنان بە بنەبڕکردن و سفرکردنەوە و سڕینەوەی یەکتر.

بەڵێ بۆ شکۆی مرۆڤ – نەفرەت لە مرۆڤکوژی