خەڵاتی بەخشندەی ساڵ بەخشرا بە سێ کەسایەتی

لەلایەن گروپێکەوە چەند کەسایەتییەکی دیاری شاری سلێمانی خەڵاتکران کە لە قەیرانی چەند ساڵی ڕابردوو ڕۆڵیان هەبووە لە دەستگیرۆییکردنی هاوڵاتیاندا لە چەند بوارێکدا.

گروپی مادی نوێ لە مەراسیمێکدا هەریەکە لە (د.فایەق گوڵپی پزیشکی پسپۆڕی گشتی و سامان حسێن سەرۆکی یەكێتی کەمئەندامانی کوردستان و یاسین عەلی سەرمایەدار) خەڵاتکران.

ڕێڤان عوسمان ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری گروپی ماددی نوێ بە دیجیتاڵ میدیای هاوپەیمانی ڕاگەیاند “ئێمە وەکو گروپێک گەنج کە ئامانجمان هۆشیاکردنەوە و گەشەپێدانی تاک و کۆمەڵگایە، ویستمان لە چوارجێوەی چالاکییەکدا ئەو کەسانە خەڵات بکەین کە خزمەتی کۆمەڵگایان کردوە، بۆ ئەوەی نیشانی بدەین ئەوان لە دڵی ئێمەدان”.

ڕێڤان عوسمان ئاماژەی بەوەشکرد “ئەو سێ کەسایەتییەی کە دیارییمان کردوە لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوی کە قەیرانیکی سەخت لە هەرێمی کوردستان هەبو، ئەوان لێبڕاوانە خزمەتی خەڵکیان کردوە و هەروەها بەبێ بەرامبەر هاوکاری و دەستگیرۆیی هاوڵاتیانی کەمدەرامەتیان کردوە”.

لە مەراسیمەکەدا وەفدێکی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانیی نیشتمانی کە پێکهاتبوون لە عوسمان گوڵپی و د.کاروان حەمەساڵح ئەندامانی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی، بەشداربوون و پیرۆزباییان لە خاوەنی خەڵاتەکان و ڕێکخەرانی مەراسیمەکە کرد.