سەبارەت بە هاوتاکردنی مووچەی کەسوکاری شەهیدان زانیاری نوێ دەخرێتەڕوو

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراونی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەزگای شەهیدانی عێراق کۆبووە و جەختیانکردەوە لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ هاوتاکردنی مووچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانی سیاسی عێراق و هەرێم.
مه‌حمودی حاجی ساڵح وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئەنفالکراوان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جحه‌ عه‌بدولئه‌میر ئه‌لشممه‌ری‌ سه‌رۆكی‌ ده‌زگای‌ شه‌هیدانی‌ عیراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.
وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان ئاماژەی بەوەکرد له‌سه‌ر هاوتاكردنی مووچه‌ی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان له‌ گه‌ڵ به‌غدا گه‌یشتوون به‌ ڕێكه‌وتنی سه‌ره‌تایی.
ڕوونیشیکردەوە “ئومێده‌وارین به‌ ڕێککەوتنی هه‌ردوولا كێشه‌ی هاوتاكردنی مووچه‌ی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانیانی سیاسی به‌ ته‌واوی چاره‌سه‌ر بكه‌ین”.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا جحه‌ عه‌بدولئه‌میر ئه‌لشممه‌ری‌ جەختیکردەوە “له‌ ده‌ره‌نجامی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌گه‌ڵ‌ وه‌زیری‌ شه‌هیدان گه‌یشتینه‌ ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی‌ كه‌ پێویسته‌ لیژنه‌یه‌ك پێكبهێندرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌باره‌ی‌ یاساكانه‌وه‌ وتووێژی‌ زیاتر بكرێت و چاره‌سه‌ر بۆ گرفته‌كان بدۆزرێته‌وه‌”.