لایەنە کوردیەکان جەخت لە بەڕێوەچوونی مەراسیمی نەورۆز دەکەنەوە لە کەرکوک

هێزە عێراقیەکان رێوشوێنى ئەمنى توندیان گرتۆتەبەر و ئامادەکاری تەواویان کردووە بۆ بەڕێوەچونی ئاهەنگى نەورۆز و حیزبە کوردیەکانیش ترسی ئەوەیان هەیە پشێوی روبدات لە رۆژانی نەورۆزدا.

 

 

رەوەند مەلا مەحمود جێگرى بەرپرسى مەڵبەندى کەرکوکى یەکێتى بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند “پێویستە لە ڕۆژانی جەژنى نەورۆزدا لە کەرکوک وەک بۆنەیەکى جەماوەرى و گشتی ئاهەنگى خۆمانی تێدا بگێڕین “.

 

 

حیزبە کوردیەکانیش کۆبونەوەیان ئەنجامدا بۆ چۆنیەتى بەڕێوەچونی ئاهەنگى نەورۆز و بریارە لە رۆژانى داهاتوشدا جارێکى تر کۆببنەوە و چەندین  پێشنیاری جیاواز تایبەت بەو رۆژە تاوتوێ بکەن.

 

 

بەپێى زانیاریەکان حیزبە کوردیەکان ترسی ئەوەیان هەیە لە ڕوژانی نەورۆزدا پشێوى ڕووبدات، هەندێک پێشنیار خراوەتەڕوو بۆ گواستنەوەی شوێنی ئاهەنگەکە.

 

 

لەگەڵ بەردەوامى گفتووگۆى حیزبە کوردیەکان تایبەت بە بەڕێوەچونی جەژنى نەورۆز لە کەرکوک و هێزە عێراقیەکانیش ئامادەکارى ئەمنى تەواویان کردووە و پلانی ئەمنی دانراوە و فرۆکەى سەربازى و هێزى ئاسمانى عێراقیش بەشدار دەبن لەجێبەجێکردنى پلانەکەدا.