محەمەد رەئوف: گوزەرانی هاوڵاتیان لێپرسراوێتی ئەخلاقییە

لایەنە سیاسیەکان و بەتایبەتیش هەردوو لایەنی دەسەڵاتداری هەرێم بەردەوامن لە گفتوگۆکانیان بۆ پێکهێنانی حکومەت و تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی تەواوەتیی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت.

 

 

هاوپەیمانیی نیشتمانی بە گرنگیەوە دەڕوانێتە ئەم قۆناغەی هەرێمی کوردستان و پێشتریش چەندین جار سەرکردەکانی هاوپەیمانی جەختیانکردووە دەرفەتی گەورە لەبەردەم هەرێمی کوردستاندا و دەبێت لایەنە سیاسیەکان ئەم دۆخە بقۆزنەوە.

 

 

 

محەمەد ڕەئوف سەرکردەی دیاری هاوپەیمانیی نیشتمانی جەختدەکاتەوە هەوڵدان بۆ بنیادنانی حکومەتێکیبەهێز ئەرکی سەرشانی هەموو لایەنەکانە و نابێت کەس لەو بوارەدا کەمتەرخەمبێت.

 

 

محەمەد ڕەئوف سەرکردەی دیاری هاوپەیمانیی نیشتمانی تایبەت بە پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ دیجیتاڵ میدیای هاوپەیمانیی دوا و تیشکی خستە سەر چەند پرسێکی گرنگ.

 

 

 

ئەو سەرکردەیەی هاوپەیمانیی نیشتمانی سەبارەت بە ئەرکی لایەنە سیاسیەکان لەم قۆناغەدا، ئاماژەی بەوەکرد ئەرکی ئەخلاقیی هەموو لایەنەکان ئەوەیە کاربکەن بۆ بنیادنانی حکومەتێکی بەهێز و دروستکردنی ئۆپۆزسیۆنێکی چالاک و پڕۆژەدار.

 

 

“ئەرکی ئەخلاقیی هەموو لایەنەکان ئەوەیە کاربکەن بۆ بنیادنانی حکومەتێکی بەهێز”

 

 

ناوبراو خەجتیشیکردەوە “هەر لایەنێکی سیاسی پێچەوانەی ئەو ئەرکە کاربکات و کەمتەرخەمی بنوێنێت پێچەوانەی پرسەنسیپە ئەخلاقیەکانە و دەستخەڕۆکردنی هاوڵاتیانە و دوورە لە ڕەفتاری درووستی سیاسییەوە”.

 

 

 

هەندێک لەو پرسانەی کە لە دانوستانەکاندا باس دەکرێن و بوونەتە جێی گفتوگۆ و ناکۆکی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم سەبارەت بە پرسەکانی هەرێم و کەرکوک و بەغدا، پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە ژیان و گوزەران و بەرژەوەندیە گشتیەکانی هاوڵاتیانەوە هەیە، سەبارەت بەو بابەتە محەمەد ڕەئوف سەرکردە لە هاوپەیمانیی نیشتمانی جەختیکردەوە یەکڕیزی بۆ پرسە گشتی و نەتەوەیی و نیشتمانییەکان ئەرکی هەموو لایەنەکانە و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان لێپرسراوێتی ئەخلاقییە و جێگەی مشتومڕ نییە و نابێت ڕای جیاواز هەبێت لەسەری.

 

 

“ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان لێپرسراوێتی ئەخلاقییە”

 

 

 

گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت هاوکاتن لەگەڵ نزیکبوونەوە جەژنەکانی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی و هەندێک هەندێک لایەنی سیاسی بانگەشەی ئەوە دەکەن لەگەڵ هاتنی نەورۆزدا گفتوگۆکان دەگەنە ئەنجام، لەوبارەیەوە سەرکردەکەی هاوپەیمانیی نیشتمانی دووپاتیکردەوە “یەكڕیزی و پێكهێنانی حكومەت و دەستكردنەوەی دادگاکان و پەرلەمان و دەستبەكاربوونی ئۆپۆزسیۆنێكی كارا و نیشتیمانپەروەر هەمووی بەیاسا ڕێكخراوە و كاتیان بۆ دیاری كراوە، لە هیچ ووڵات و كۆمەڵگایەكی دونیا ئەم ئەركانە نەبەستراون بە بۆنەکانەوە و بە تكا و ڕجا نابرێنبەڕێوە مەگەر لە كۆمەڵگەیەكی زۆر دواكەوتوودا”.

 

 

 

سەبارەت بە دیدگای هاوپەیمانیی نیشتمانی بۆ سیستمی سیاسی هەرێم، ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد “لە بەرنامە و پڕۆەی هاوپەیمانیدا نە حزب و ڕێكخستن ئامانجە و نە حكومەتیش مالیك و خاوەنی خەڵك و داهات و سەروەت و سامان و تاپۆیە بەڵكو حزب میكانیزمە و حكومەتیش كارمەندی میللەتە ئەم تێگەیشتنە سەرەتای ڕێگاو نەخشەڕێگا دروست و باشەكەیە”.