وەزارەتی ئەوقاف لەبارەی یەکەم ڕۆژی ڕەمەزانەوە ڕوونکردنەوە دەدات

وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دەستنیشانکردنی یەکەم ڕۆژی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان ڕوونکردنەوە دەدات و وتەبێژی وەزارەتەکەش جەختدەکاتەوە باوەڕ بە قسەی فەلەکناسان و مامۆستایانی ئاینی ناکەن.

 

دەنگۆی ئەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبووەتەوە کە گوایا ٥ی ئایار یەکەم ڕۆژی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بێت.

 

سەبارە بەو دەنگۆیە، نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی وێستگەی ڕاگەیاندووە “لەئێستادا لەمانگی رەجەبداین، دوای تەواوبوونی ئەو مانگە، مانگی شەعبان دێت، لەكۆتایی ئەو مانگەشدا دەردەكەوێت كەی رەمەزانە”.

 

ناوبراو ئاماژەی بەوەکردووە ناتوانرێت لە ئێستەوە یەکەم ڕۆژی ئەو مانگە دەستنیشانبکرێت و جەختیکردووەتەوە “وەك وەزارەتی ئەوقاف باوەڕ بەڕای فەلەكناسی، ساڵنامەو قسەی مامۆستایانی ئاینی ناكەین بۆ دیاریكردنی یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان، چونكە ناتوانین پێشبینی بكەین”.

 

سەبارەت بە چۆنیەتی دەستنیشانکردنی یەکەم ڕۆژی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، وتەبێژەکەی وەزارەتی ئەوقاف ڕوونیکردووەتەوە لیژنەی بینینی مانگ ڕادەسپێردرێن بۆ ئەو مەبەستە و ئەوان بڕیاری کۆتایی دەدەن.