هاوپەیمانی نیشتمانی
24, ئازار 2019

گۆڕینی كلتور و نەریتی سیاسی

گوتاری هاوپەیمانیی نیشتمانی

زنجیرەی یەکەم

هاوپەیمانی قەوارەیەك نییە تەنها بۆ ململانێی سیاسی و حزبی دروستبووبێت وەك دەیان حزب و قەوارەی تر، كە تەنها كاری ململانێی سیاسی و حزبی دەكەن لەكوردستان و عێراق، هاوپەیمانی دیدێكە كاردەكات بۆ گۆڕینی كلتوری سیاسی و شێوازی ململانێی حزبی لە هەرێمی كوردستان، هاوپەیمانی باوەڕی وایە كە لەسەردەمی خەباتی شاخ و دواتریش لە سەردەمی حوكمڕانیی شاردا نەریتی ململانێی سیاسیی نێوان حزبە كوردستانییەكان پڕ كێشە و گرفت بووە، نەریتێكی سیاسیان داهێناوە كە توانای دروستكردنی ململانێیەكی تەندروست و سروشتیی نەبووە، بەڵكو دروستكەر و بەرهەمهێنەری كلتورێك بووە كە زەقترین دیاردەكانی سڕینەوە و یەكترقبوڵنەكردن و پەنابردن بۆ توندوتیژی بەرامبەر بەیەكتربووە، كلتورێك بووە كە سەدان ڕۆڵەی كوردستانی كردە قوربانیی بەرژەوەندیی تەسك و كورتبینیی سیاسیی وە چەندین جار كوردستانی خستووەتە بەردەم مەترسیی گەورە.

 

دەستكاریكردن و گۆڕینی نەریت و كلتور كارێكی ئاسان نییە، كات و پشوودرێژیی دەوێت، ئامانجێكی درێژخایەنە و دەرەنجامەكانی دەستبەجێ و خێرا جێبەجێ ناكرێت، بە تایبەت هەوڵدان بۆ گۆڕینی نەریت و كلتورێكی سیاسی كە دەیان ساڵە كار بۆ چەسپاندنی دەكرێت و تەنانەت كاریگەریی لەسەر كلتوری كۆمەڵایەتیش دروستكردووە بۆنمونە دابەشكاری و كەرت و پەرتكردنی كۆمەڵگە لەكوردستان و عێراق لەسەر بنەمای پاشخانی سیاسی و شوێنی جوگرافی و شێوەزار و نەتەوە و زمان و ئاین، هەر ئەو كلتورە سیاسییە دابەشكارەیە كە دابەشكاریی سیاسی و كۆمەڵایەتی و جوگرافی لە كوردستاندا كردووەتە واقعێكی تاڵ.

 

بنیاتنانەوەی كلتور و نەریتی سیاسی نوێ‌ ستراتیژ و بەرنامەیەكی ڕوونە لەدیدی هاوپەیمانیی نیشتمانی دا، ستراتیژێك كە واقعیە و توانای پراكتیزەكردنی هەیە، هەل و دەرفەتەكانی بەردەم ڕێكخستنەوەی نەریت و كلتوری سیاسی و حزبایەتیی بەرفراوانە، بەڵام لەهەمانكاتدا بەربەستەكانی بەردەم گۆڕینی كلتور و نەریتی سیاسیش سەخت و قورسە بەڵام ئەستەم نیە.

 

هەوڵی گۆڕینی كلتور و نەریتی سیاسی، كە یەكێكە لە ئامانجە سەرەكییەكانی هاوپەیمانی، قورسییەكەی تەنها لەوەدا نییە كە دەستكاریكردنی خودی كلتور و نەریتەكە كارێكی گرانە و كاتی دەوێت، بەڵكو لەو بەرەنگاریەشدایە كە هەندێك حزب و لایەنی سیاسی پیشانی دەدەن لەكاتی بوونی هەوڵێكی لەو شێوەیە، چونكە دەستكاریكردنی ئەو نەریت و كلتورە سیاسیە بە زیان بۆ ئەو حزب و لایەنە سیاسییانە دەگەڕێتەوە و زۆرجار ئەو لایەنانە هێزیان لەو دابەشكارییە سیاسییە وەرگرتووە بۆ مانەوە و خۆبەهێزكردن، بۆیە دەستكاریكردنی كلتوری سیاسیی دابەشكار و قۆرخكار یەكێكە لە شاڕێكانی گۆڕینی دۆخی سیاسیی كوردستان و عێراق لەوێشەوە باشتركردنی دۆخی گشتیی، بێگومان گەیشتن بەو ئامانجەش كات و باج و قوربانی دەوێت.