عوسمان گوڵپی
24, ئازار 2019

توندڕەوی و تیرۆر

یەکێک لە مەترسییە جدییەکان کە ھەمیشە ئامادەی تێکدانی فەزای گشتی و ئاشتی سیاسی و کۆمەڵایەتیە لەسەر کۆمەڵگەکان بونی بیری توندڕەوی و تیرۆرە، کە پێویستی بەڕووبەڕووبونەوەی فرەلایەنە ھەیە بۆ ئەوەی لەوە زیاتر گەشە نەکات و بەرەو لاوازی و پوکانەوە بچێ، جا ئەو بیرە تونڕەویانە لەسەر ئاستی تاکبێت یان گروپ و تاقم.

یەکەمین ھەڵە لە ڕووبەڕووبونەوەی بیری توندڕەوی ئەوەیە کە بچوکی بکەیتەوە و بیکەیتە کاڵای باڵای ئاینێک یان تاقمێک و پێت وابێ کە توندڕەوی ناسنامەی کۆمەڵێکی دیاری کراوە ، کاتێک ئەمەمان کرد ئەوا یەکەم ھەنگاوی چارەسەرکردن ڕووبەڕوو بونەوەیمان ھەڵە ھەڵگرتوە.

 

چونکە توندڕەوی وەک بیری چەوت لە تاکدا سەرھەڵدەدات و تاکەکان دەکرێ لەدەوری یەک کۆببەوە و گروپێکی توندڕەویان لێ دروستببێ و دەکرێت بەرگێکی ئاینی بپۆشن یان بەرگی دژە ئاینی، دەکرێ راستڕەوبن یان چەپ ڕەو ، دەکرێ ھەڵگری ئاینی ئیسلامبن یان ھەر ئاینێکیتر. باوەڕیشم وایە لە گروپێکەوە بۆ گروپێکیتر و تاکێکەوە بۆ تاکێکیتر لە گۆڕانکاریدایە و لە ماوەیەکی زەمەنیدا ھۆکارێک دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی ئامانجەکانی خۆیان بپێکن و بۆ ئەمەش دەکرێ سود لە پیناسەکردنی دەقەئاینیەکان وەرگرن یان بەپێچەوانەوە دژایەتییەکەی.

ئەوەی گرنگەو ئەرکی تاک و کۆمەڵگەیە ئەوەیە لە ژێر ھیچ پاساوێکدا پشتیوانی بیری توندڕەوی و تیرۆرستی نەکەن ئەگەر تەنانەت ئەو توندڕەوی و تیرۆرە بەرامبەر نەیارەکانیشیان ئەنجامدرا. بۆ نمونە ئەگەر کردەیەکی تیرۆرستی لە کەنیسەیەک ئەنجام درا ئەواموسڵمانەکان دڵخۆش نەکا و بە پێچەوانەشەوە ئەگەر لە مزگەوتێک کرا ئەوا ئەھلی کەنیسە دلخۆش نەکات، تا ئاستی پشتیوانیەکانیان ھێندە تەسک ببێتەوە کە ھەست بەنامۆبون بکەن و ھیچ قبوڵکراویەک ھەست پێ نەکەن و بۆ ئەمەش دەبێت بەرگی نەتەوەیی و ئاینیان لی بکریتەوە.

ئەوەی ھەموومان یەک دەخاتەوە قوربانی بونە کە دەکرێ رۆژێک ئەم توندڕەوی و تیرۆرە یەخەمان بگرێ، بۆیە بەرلەوە دەبێت ھەستکردن بە مەترسی و بەرپرسیاریتی وامان لێ بکات پێکەوە رووبەرووی ببینەوە و مرۆڤی توندڕە و لە کۆڵان و شارەکانماندا جێگایان نەبێتەوە تا ئەوکاتەی ھەست بە چەوتی خۆی دەکات و دەبێتەوە بە مرۆڤێکی ئاسایی و بۆ ئەمەش ئەرکی ھەموومانە ھاوکاری ھەموو ئەو بیرکردنەوە و دامەزراوە و دەزگایانە بکەین کە دەیانوێت بیری توندڕەوی کەم بکەنەوە و تیرۆر بنەبڕ بکەن ، بەتایبەت لەھەرێمی کوردستان کە یەکێکین لە قوربانیەکانی دەستی تیرۆر و توندڕەوی و بیری تاکرەوی.