ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر شێوازی دانەوەی قەزرەکانی سەر هاوڵاتیان تاوتوێدەکات

ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر کۆدەبێتەوە و پڕۆژەی دانەوەی قەرزەکانی هاوڵاتیان لە پارەی پاشەکەوتکراو تاوتوێدەکات.

 

خانزاد مام وسوو جێگری سەرۆکی لیژنەی داراییی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی ڕاگەیاندووە “دوای ئەوەی لە ماوەی  ڕابردوودا بەھۆی قەیرانی داراییەوە پڕۆژەی دانەوەی پاشکەوتی مووچەی فەرمانبەران لە لایەن حکوومەت ڕەتکرایەوە، ئێستا دۆخی ئابووریی ھەرێمی کوردستان باشتر بووە، بۆیە دووبارە پڕۆژەکە بەکۆمەڵێک گۆڕانکارییەوە ئاراستەی حکوومەت دەکەنەوە”.

 

ناوبراو ئاماژەی بەوەکردووە “ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر کۆدەبێتەوە و تێیدا پڕۆژەی دانەوەی قەرزی فەرمانبەران لە پاشەکەوتی مووچە لە لایەن حکوومەتەوە کە پێشتر ئاراستەی حکوومەتیان کردبوو و بەھۆی قەیرانی داراییەوە جێبەجێ نەکرا، ئەم جارە دووبارە پێداچوونەوەیەکی وردی پێدا دەکەن و کۆمەڵێک گۆڕانکاریشی تێدا دەکەن و ئاراستەی حکوومەتی دەکەنەوە، چونکە ئێستا دۆخی ئابووریی ھەرێمی کوردستان باشتر بووە”.

 

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ڕوونیکردووەتەوە “جگە لەوەی حکومەت قەرزاری فەرمانبەرانە، ھاووڵاتیانیش قەرزاری حکوومەتن، بۆیە دەتوانرێت لە ڕێگەی ئەو پڕۆژەیەوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، چونکە زۆرێک لە ھاووڵاتییان قەرزی کەرتی وەبەرھێنانیان لایە کە پێویست بووە بە شێوەی قیست بیدەنەوە و بەھۆی پاشکەوتکردنی مووچە نەیانداوەتەوە، بۆیە داوا دەکەن پڕۆژەکە کارا بکەینەوە و ئاراستەی حکوومەتی بکەینەوە، بۆ ئەوەی حکوومەت ھاوکارییان بکات و بتوانن قەرزی خۆیان بدەنەوە.”