سوریا: چاوپۆشی لە بڕیاری هەڵەی ئەمریکا ناکەین

وەزارەتی دەرەوەی سوریا بڕیارەکەی ترەمپ سەبارەت بە خاوەنداریەتی ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەکانی جۆلاندا ڕایگەیاند “ئەوە پێشێلکارییە یەکی ڕوونەو پێوەی پابەندنابین”.

 

وەزارەتی دەرەوەی سوریا دوای بڕیارەکەی ترەمپ سەبارەت بە جۆلان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند “چاوپۆشی لەو بڕیارە هەڵه و پێشێلکارییە ڕونەی ئەمریکا ناکەین و بەهیچ شێوەیەک پێوەی پابەند نابین”.

 

لە ڕاگەەنراوەکەدا هاتووە کە ئەو بڕیارەی ئەمریکا دەستدرێژییەکی ڕوون و ئاشکرایە بۆسەر سەروەری و یەکگرتوی خاکی کۆماری سوریای عەرەبی.

 

وەزارەتی دەرەوەی سوریا ئەوەشی خستۆتە ڕوو “هیچ شتێک ناتوانیت ڕاستی مێژوو بگۆڕێت و هەموانیش دەزانن کە جۆلان خاکی سوریایە و هەرواش دەمێنێتەوە”.

 

ئاماژە بەوەشکراوە “ئەم بڕیارە وادەکات گەلی عەرەب ببنە دوژمنی ئەمریکا”.

 

دوێنێ دووشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا واژۆی لەسەر ئەو بڕیارە کرد کە بەرزاییەکانی جۆلان وەک بەشێک لە سەروەری ئیسرائیل دەناسێنێت.

بەرزاییەکانی جۆلان دەکەوێتە باشووری سوریا و لە ساڵی ١٩٦٧ەوە ئیسرائیل دەستی بەسەریدا گرتووە.