کامیل جەلال: ڕۆژانە لە کەرکوک پەلاماری خەڵک دەدرێت

کامیل جەلال بەرپرسی دەڤەری کەرکوکی هاوپەیمانیی نیشتمانی لە چاپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی باس، گیشکی خستوەتەسەر دۆخی ئەمنیی و سەربازیی و ئابووری کەرکوک و جەختیشیکردووەتەوە دۆخی کەرکوک دۆخێکی سەربازییەوە.

 

دەقی جاوپێکەوتنەکە:

 

(باس) چۆن ده‌ڕواننه‌ بارودۆخى ئێستاى كه‌ركووك؟
كامیل جه‌لال: كه‌ركووك شارێكه‌ ئێستا داگیر كراوه‌ و به‌كه‌ڵكی گوزه‌ران و ژیان نایه‌ت، بارودۆخه‌كه‌ى تا بڵێیت ناجێگیر و خراپه‌، حوكمى سه‌ربازى به‌سه‌ریدا زاڵه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ جێگاى نیگه‌رانیى دانیشتوانى شاره‌كه‌. كه‌ركووك شارى ئاشتى و پێكه‌وه‌ژیانه‌ و زۆرینه‌ى دانیشتوانه‌كه‌ى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ سه‌ربازییه‌ى ئێستایان لا قه‌بووڵ نییه‌، ڕۆژانه‌ له‌ كه‌ركووك په‌لامارى خه‌ڵك ده‌درێت.

(باس) حه‌شدى شه‌عبی سه‌رانه‌ له‌ ده‌وڵه‌مه‌ند و كاسبكارانى كه‌ركووك وه‌رده‌گرێت‌؟
كامیل جه‌لال: ڕۆژانه‌ له‌ كه‌ركووك هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ند و خاوه‌ن كار و كاسبكاران و به‌ زۆرەملێ پاره‌ له‌ خه‌ڵك وه‌رده‌گرن، ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە كۆمه‌ڵێك هێزى چه‌كدارى ده‌مامكدارن، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م دیاردانه‌ کۆتاییان بێت، ده‌بێ ده‌سه‌ڵات له‌م شاره‌ بگۆڕدرێت بۆ ده‌سه‌ڵاتێك له‌ خزمه‌تى خه‌ڵكدا بێت. كاسبكار هه‌بووه‌ ئێواره‌ له‌سه‌ر كاره‌كه‌ى گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و پاره‌ى پێ بووه‌، ئه‌و ده‌مامكدارانه‌ ڕێگه‌یان لێ گرتووه‌ و به‌ زه‌برى چه‌ك پاره‌كه‌یان لێ ستاندووه‌ و دواتر هه‌ڵهاتوون، به‌ڵام له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانى ته‌ناهیى شاره‌كه‌وه‌ كه‌سیان لێ نه‌گیراوه‌.

(باس) ئەی پرۆسه‌ى ته‌عریب له‌ كه‌ركووك چۆنه‌؟
كامیل جه‌لال: له‌دواى 16ى ئوكتۆبه‌ره‌وه‌ هه‌وڵێكى زۆر هه‌یه‌ بۆ زەوتکردنەوەی ئه‌و زه‌وییانه‌ى كه‌ له‌ ئه‌سڵدا هی كوردن و له‌ كاتى سه‌رده‌مى ڕژێمى به‌عسدا درابوون به‌ عه‌ره‌بى هاورده‌ و له‌دواى پرۆسه‌ى ئازادیى عێراقه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خاوه‌نه‌ ڕه‌سه‌نه‌كانیان، دووباره‌ بدرێنه‌وه‌ به‌ عه‌ره‌بى هاورده‌ و جارێكى دیكه‌ عه‌ره‌به‌ به‌عسییه‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ ناوچه‌كه‌ و په‌لامارى گونده‌ كوردەكانى سنوورى كه‌ركووكیان دا، بۆ ئه‌وه‌ى جارێكى دیكه‌ ئه‌و زه‌وییانه‌ داگیر بكه‌نه‌وه‌، ئه‌ویش به‌ پاڵپشتیكردن و هاوكاریكردنى پارێزگاره‌ سه‌پێندراوه‌كه‌ى كه‌ركووك، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌تایبه‌ت له‌دواى 16ى ئوكتۆبه‌ره‌وه‌ خێزانێكى زۆرى عه‌ره‌ب ڕوویان له‌ شاره‌كه‌ كردووه‌ و فۆرمى خۆراكیان له‌ لایه‌ن ئیداره‌ى شاره‌كه‌وه‌ بۆ گوێزراوه‌ته‌وه‌ و كارتى نیشته‌جێبوونیان بۆ ده‌رده‌كرێت.

(باس) له‌ دیدى ئێوه‌وه‌ 16ى ئوكتۆبه‌ر چى بوو؟
كامیل جه‌لال: 16ى ئوكتۆبه‌ر كۆمه‌ڵێك نه‌هامه‌تى و كاره‌ساتى به‌سه‌ر كه‌ركووك و كه‌ركووكییه‌كاندا هێنا، ئێستا ئه‌و شاره‌ داگیر كراوه‌، پێش 16ى ئوكتۆبه‌ر ئیداره‌ى شاره‌كه‌ به‌ده‌ست كورده‌وه‌ بوو، هێزى كوردى پێگه‌یه‌كى باشى هه‌بوو، به‌ڵام نه‌یانتوانى دەرفەتەكه‌ بقۆزنه‌وه‌ و كێشه‌كانى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراق له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى كورد یه‌كلا بكه‌نه‌وه‌، هێشتا ڕێگاچاره‌ ماوه‌ بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى دۆزى شاره‌كه‌، ئه‌ویش مادده‌ى (140)ە، كه‌ ده‌بێت به‌ هه‌موو لایه‌ك هه‌وڵ بده‌ین ئه‌و مادده‌یه‌ به‌ حكوومه‌تى عێراق چاره‌سه‌ر بكه‌ین.

(باس) بۆچوونتان له‌سه‌ر پارێزگا سه‌پێندراوه‌كه‌ى كه‌ركووك چۆنه‌؟
كامیل جه‌لال: ئه‌م پارێزگاره‌ سه‌پێندراوه‌ له‌وه‌ته‌ى ده‌سه‌ڵاتى گرتووەتە ده‌ست، به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشێلكردنى یاسا، له‌به‌رچاوى ئه‌و ته‌عریب ئه‌نجام ده‌درێت، زه‌وى و زارى كورد داگیر ده‌كرێت، بێده‌نگیکردنی له‌مانه‌ پێشێلكردنى یاسایه‌، ده‌سه‌ڵاتێكى نامۆ و جیاواز هاتووەته‌ شاره‌كه‌وه‌ و ده‌یه‌وێت به‌ حوكمی سه‌ربازى خۆى به‌سه‌ر خه‌ڵكى كه‌ركووكدا بسه‌پێنێت، ئه‌گه‌ر یاسا به‌ راستى له‌ كه‌ركووك جێبه‌جێ بكرێت، نە ده‌سه‌ڵاتى سه‌ربازى ده‌مێنێت و نه‌ ئه‌م دیاردانه‌ى كه‌ له‌دواى 16ى ئوكتۆبه‌ره‌وه‌ له‌ شاره‌كه‌ هاتوونەته‌ ئاراوه.