لەسێدارەدانی قازی و ئاوابوونی خەونی کۆمارێکی کوردیی

پێش یانزە مانگ کۆماری کوردستانی دامەزراندبوو، دوای دانوستانێکی تاقەتپڕوکێن لەگەڵ شای ئێران نەگەیشتبوونە هیچ ڕێککەوتنێک، فەرمانی بە سوپاکەی کردبوو دەست بپارێزن لە شەڕکردن لەگەڵ سوپای شا، سێ بژاردەی لەبەردەستدا بوو، شەڕکردن و هەڵهاتن و خۆبەدەستەوەدان، قازی محەمەد سێیەمیانی هەڵبژارد.

 

ئەو شەڕکردنی هەڵنەبژارد و وتی “ئامادەنیم وڵاتەکەم لە خوێندا شەلال بکەم و هەزاران کەس بە کوشتن بچن”، هەڵهاتنی هەڵنەبژراد چوونکە پێی وابوو ئەوە ڕاکردنە لە بەرپرسیارێتی ئەو گەلەی کە متمانەیان پێی بووە، قازی، خۆی ڕادەستکرد و بەوەش کۆتایی بە ژیانی هات و لەگەڵیشیدا کۆتایی بە خەونە لەمێژینەکەی گەلی کورد هات.

 

سەرەتای بەهاری ١٩٤٧، کۆتایی مانگی ئازاربوو، پێشەوا قازی محەمەد و چەند هاوەڵێکی لە مەیدانی چوارچرای مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دروست لەو شوێنەی کە کەمتر لە ساڵێک پێش ئەو ڕووداوە کۆماری کوردستانی تێدا ڕاگەیەنرابوو، لەسێدارە دران.

 

قازی‌ محەمەد كوڕی‌ قازی‌ عەلی‌ كوڕی‌ میرزا قاسم قازییە و لە بنەماڵەیەکی ناودار و ڕێزلێگیراوی ناوچەکە بووە و هەر لەسەرەتای ژیانیەوە تێکەڵی کاری نوسین و ڕۆشنبیری و سیاسیی بووە.

 

قازی محەمەد لە ساڵی ١٩٠٠ لەدایکبووە و بە هەستی نیشتمانپەروەریی و مرۆڤدسۆتیی پەروەردەکراوە و لەسەرەتای گەنجییەوە هەوڵیداوە زمانەکانی نەتەوە دراوسێکان فێربێت و لە ماوەیەکی کەمدا هەردوو زمانی فارسی و عەرەبیی فێربووە و هەردوو زمانی فەرەنسی و ئینگلیزی لە ئاستێکی سەرەتاییدا زانیوە.

 

ئەو هەرزوو دەست دەداتە کار و خەباتی سیاسیی و دەچێتە ڕیزەکانی کۆمەڵەی “ژێ کاف”ەوە و بە خێرایی لەو کۆمەڵەیەدا گەشە دەکات و دەبێتە جێی متمانەی بەرپرسانی ژێ کاف و درێژە بە خەباتی سیاسیی دەدات.

 

قازی محەمەد توانی کاریگەری خۆی لەسەر سەرکردەکانی ژێ کاف دابنێت و بیانگەیەنێتە باوەڕێک کە ناوی کۆمەڵەکە بگۆڕن بۆ حزبی دیموکراتی کوردستان.

 

حزبی دیموکراتی کەردستان لەسەر دەستی قازیی، بە خێرایی گەشەیکرد و بووە جێی متمانەی کوردانی ئازادیخوازی ناوچەکە و توانی بە هەوڵی سەرکردەکانی ژئەو قەیرانە چارەسەر بکات کە لە لکاندنی زۆرەملێی ئازەربانجان بە کوردستانەوە هاتووبوە ئاراوە.

 

قازی محەمەد دوای ئەوەی چەند جارێک سەردانی بەرپرسانی یەکێتی سۆڤیەتی کرد و پرسی دامەزراندنی کۆمارێکی نوێی لەگەڵ تاوتوێکردن، گەیشتە ئەو باوەڕەی کە هاوشێوەی دامەزراندنی کۆماری ئازەرباینجان، کۆمارێکی کوردیی دابمەزرێنێت.

 

هەر وای کرد، ئەوەبوو لە بەرواری ٢٢ی‌ کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٦، قازی محەمەد دامەزراندنی کۆماری کوردستانی لە ناوەندی چوارچرای مەهاباد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان راگەیاند.

 

کۆماری کوردستان کە هەندێ جاریش بە کۆماری مەهاباد ناو دەبرا، بووە جێی ئومێدی زۆربەی گەلی کورد لە گەرچوار پارچەی کوردستان.

 

لە زۆربەی ناوچە جیاوازەکانی کوردستانی باشور و باکور و ڕۆژئاواوە، تێکۆشەرانی کوردستان ڕوویان لە مەهابادی پایتەختی کۆماری کوردستان کرد و بوونە هاوکاری قازی بۆ سەرخستنی ئەزموونەکەی.

 

حکومەتەکەی کۆماری کوردستان چەند ئامانج و ستراتیژێکی هەبوو کە کاری بۆ بەدیهێنانیان دەکرد لەوانە:

زمانی کوردیی بکرێتە زمانی راگەیاندن‌و خوێندن‌و ئیدارە.

ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ کوردستان بەمەبەستی چاودێری دەوڵەت‌ و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان.

ھەموو بەرپرسەکان لە خەڵکی ناوچەکە ھەڵبژێردرێن.

یەکێتی‌ و برایەتی لەگەڵ خەڵکی ئازربایجان.

یاسایەک ھەبێت کە بە یەکچەشن مامەڵە کرێکار‌و کەسایەتییە باڵاکان دا بکات.

 

لە ٢٦ی ئازاری‌ ١٩٤٧، بەھۆی‌ فشاری‌ ھێزە رۆژئاواییەکان، بۆ نمونە ئەمریکا، سۆڤیه‌ت پەیمانی بە حکومەتی ئێرانی دا کە لە باکووری ئێران ئەکشێتەوە.

 

لە مانگی حوزەیران دا، ئێران دەستی گرتەوە لەسەر ئازربایجاندا, ئەمە بووە ھۆی‌ دابڕانی کۆماری‌ مەھاباد لە سۆڤیه‌ت و دواجار بووە ھۆی‌ داڕمانی.

 

لەم خاڵەدا، پشتگیرییەکان بۆ قازی محەمەد لە کەمبوونەوەدا بوون، بەتایبەتی لە نێوان خێڵە کوردەکاندا کە لە سەرەتادا پشتگیرییان لێدەکرد.

 

بەرھەم ‌و سەرچاوەی‌ داراییان نەما‌و شێوازی ژیانیان بەھۆی‌ دابڕانەکەوە بەرەو سەختی چوو. یارمەتی دارایی‌ و سەربازی لە سۆڤێتەوە نەما‌و خێڵەکان هیچ ھۆکارێکیان بۆ پشتگیریکردنی قازی محەمەد نەئەبینییەوە و زۆرێک لە خێڵەکان قازی‌یان بەجێ‌ دەھێشت.

 

لە ٥ ی‌ کانوونی یەکەم، ئەنجومەنی شەڕ بە قازی محەمەدیان راگەیاند کە رێ لە ھەر پەلامارێکی سوپای‌ ئێران دەگرن کە بکرێتە سەر ناوچەکە.

 

لە ١٥ی کانوونی یەکەم، سوپای‌ ئێران ھاتە ناوچەکە‌ و دەستی بەسەر مەھاباد دا گرت, لەگەڵ ھاتنیان، چاپخانەی کوردیيیان داخست، فێرکردنیان بە زمانی کوردی قەدەغە کرد، ھەر کتێبێکی کوردی‌یان بدۆزیایەتەوە ئەیانسوتاند.

 

سوپای ئێران لە مەهاباد قازی محەمەدی دەسگیرکرد و چەندین تۆمەتی خستە پاڵی و هەر بەو تۆمەتانەش لەسێدارەی دا، کە ئەمانەی خوارەوەن:

گۆڕین و دەستکاری کردنی نەخشەی وڵاتی ئێران.

ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و داگیر کردنی بەشێک لە خاکی ئێران بە ناوی کوردستان.

بازرگانی کردنی نەوت لەگەڵ سۆڤیەت بە بێ ئاگاداری و ڕەزامەندی دەوڵەتی ناوەندی.

ساز کردنی نەخشەی کوردستانی گەورە بە لکاندنی کوردستانی ئێران، عێراق، تورکیا و سووریا.

ھێنانە ناوەی بێگانە و بەشێک لە خاکی ئێران خستنە ژێر دەستی.

دانانی ئاڵای جیاواز بۆ کوردستان بە نیشانی چەکوچ و داس بە شێوەی ئاڵای سۆڤیەت.

لێدانی سکەی پووڵ بۆ کۆردستان بە وێنەی ڕووپیەی ڕووسی.

 

دواجار لە بەرواری ٣٠ی ئازاری ١٩٤٧ و لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد، قازی محەمەد و پۆلێک لە هاوەڵانی، لەسێدارە دران و بەو لەسێدارەدانەش کۆتایی بە کۆماری کوردستان هێنرا و ئەو خەنەش ئاوابوو کە بە درێژایی مێژوو کورد لە خەمی بەدیهێنانیدا بووە.

 

قازی محەمەد پێ لەسێدارەدانی، وەسیەتێک ئاراستەی گەلەکەی دەکات و ئامۆژگاری نەوەکانی دوای خۆی دەکات کە لەناوخۆدا یەکبن و واز لە ناکۆکی و پەرتبوون بهێنن.

 

دەقی وەسیەتەکەی قازی:

 

بسم الله‌ الرحمن الرحیم
نه‌ته‌وه‌ حه‌ق خوراوه‌که‌م، کورو خوشک‌و برا خۆشه‌ویسته‌کانم
ئێستا له‌ ئاخرین ساته‌کانی ژیانم دا ده‌مهه‌وێ چه‌ند دێرێکتان بۆ بنووسم.
له‌ دوژمنایه‌تی کردنی یه‌کتر ده‌ست هه‌ڵگرن، یار و یاوه‌ری یه‌کتر بن، پشت به‌ یه‌کتر ببه‌ستن و له‌ به‌رابه‌ر دوژمنی زۆردار دا ئازایانه‌ رابوه‌ستن. خۆتان بێهوده‌ به‌ دوژمن مه‌فرۆشن. دوژمن هەر ئه‌وه‌نده‌ ئێوه‌ی ده‌وێ که‌ کاری پێتانه‌، ده‌نا هیچ روحمتان پێناکا، له‌ هیچ ده‌رفه‌تێک ناگوزه‌رێ بۆ زه‌ربه‌ لێدانتان.

 

دوژمنه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد زۆرن و زۆردارن، توانایان هه‌یه‌و بێ ره‌حمن. ره‌مزی سه‌رکه‌وتنی ئیوه‌ له‌ یه‌کگرتن دایه‌، ته‌نیا یه‌کگرتنه‌ له‌ به‌رابه‌ر ئه‌و هێزه‌ زۆردارانه‌دا، هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک ئه‌گه‌ر یه‌کێتیی نه‌بێ هه‌میشه‌ له‌ ژێرده‌ستی دایه‌. ئیوه‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد شتێکتان له‌ نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ که‌متر نیه‌ به‌ڵکو له‌ ئازایه‌تی و پیاوه‌تی دا زۆر له‌وانەی به‌ سه‌ربه‌خۆیی ده‌ژین، زیاترن. ئه‌و گه‌لانه‌ی سه‌رکه‌وتنیان به‌ ده‌ست هێناوه‌ هه‌ر وه‌ک ئیوه‌ بوون.

 

رێنوێنم بۆ ئیوه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ لێ‌گەڕێن منداڵه‌کانتان بخوێنن، چونکه‌ ره‌مزی پێگه‌یشتوویی و سه‌رکه‌وتن له‌ خۆینده‌واری دایه‌. با له‌ گه‌لانی دیکه‌ دوا نه‌که‌ون، ئیوه‌ نابێ به‌ کوشتنی من و براکانم چاوترسێن بن، هێشتا زۆری دیکه‌مان ده‌بێ له‌و رێگه‌یەدا له‌ ده‌ست بچن تا به‌ ئاره‌زوی خۆمان دەگه‌ین.

کوردستان ماڵی هه‌موو کوردێکه‌. دانیشتوانی ئه‌م خاکه‌ به‌ پێی توانایی هه‌ر کامه‌مان گه‌ر شتێکمان له‌ ده‌ست دێ نابێ منه‌ت له‌ سه‌ر ئه‌وانی دیکه‌ بکه‌ین. ئه‌گه‌ر زانیتان که‌سانێک کاریان له‌ ده‌ست دێ لێ گه‌رێن با بیکه‌ن، به‌رد مه‌خه‌نه‌ سه‌ر رێیان، گرفتی بۆ دروست مه‌که‌ن. ئه‌گه‌ر من به‌رپرسیارێتی گه‌وره‌م نەبوایه‌ ئیستا له‌ ژێر حوکمی سێداره‌ دا نه‌ده‌بووم، به‌ خاتری ئه‌وه‌ منه‌تتان به‌سه‌ر دا ناکه‌م. به‌ قه‌ولی سه‌عدی ده‌لێ:

مراد ما نصیحت بود و گفتیم / حوالت به‌ خدا کردیم و ر‌فتیم.

هیوای ئیمه‌ ئامۆژگاری بوو کوتمان، بە خودام ئەسپاردن و رۆیشتم.

خزمه‌تکاری گه‌ل و نه‌ته‌وه
‌ قازی محه‌مه‌د