محەمەد ڕەئوف: دواخستنی پێکهێنانی حکومەت تەنها بەرژەوەندی حزبییە

محەمەد رەئوف سەرکردە لە هاوپەیمانیی نیشتمانی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی زەمەن تیشکی خستوەتە سەر چەند بابەتێکی گرێدراو بە دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و کاروباری ناوخۆیی هاوپەیمانی.

 

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

 

دوای رۆیشتنی بەرهەم ساڵح لە هاوپەیمانی، ئێستا بارودۆخی هاوپەیمانی لە چ دۆخێكدایە؟

 

محەمەد رەووف: هاوپەیمانی هەر لەسەرەتاوە وەك پرۆژەیەك هاتووەو ئێستاش هەر درێژە پێدەری ئەو پرۆژەیەیە. سەرەتا ئێمە بڕیارماندا حزبێكی سیاسی تەقلیدی نەبین. هاوپەیمانی دروست نەكراوە بۆ حزبایەتی دروستیش نەكراوە بۆ دوكانی سیاسی. هەموو ئەوانەی هاوپەیمانیمان دروستكرد ماندوو بووین لەحزبایەتی، بۆیە بڕیارماندا پرۆژەكەی ئێمە جیاوازبێت لەو فۆرمە حزبییەی هەیە. بیرۆكەكەی ئێمە ئەوەبوو ئەو سنوورانەی ئایدۆلۆژیا یان حزب دایناوە تێیپەڕێنین. ئێستاش دوای رۆیشتی دكتۆر بەرهەم نەمانهێشت بكەوێت و بەردەوام بووین. چوار ساڵمان لەبەردەمدایەو بەرنامە دانراوە كە لەچوار ساڵی داهاتوو چی بكەین.

 

ئایا نەهاتنە ژێر باری هێزەكانی دەرەوەی یەكێتی و پارتی بۆ ناو پرۆژەكەی ئێوە پەیوەندی بە نەبوونی متمانەوە هەبوو بە پرۆژەكەتان یان نەبوونی متمانە بە خودی د. بەرهەم ساڵح؟

 

محەمەد رەووف: بەڵێ ئەوەم دەبیست كە ئەوان گومانیان هەیە لە دكتۆر بەرهەم، بەڵام وەختێك تۆ رێككەوتن دەكەی ئاسان نییە لە رێككەوتنەكە دەربچی. ئەگەر هێزەكان رێككەوتنیان لەگەڵمان بكردبایە، دكتۆر بەرهەم وا بەئاسانی نەیدەتوانی بچێتەوە بۆ ناو یەكێتی. باسەكە باسی شەخسی بەرهەم ساڵح بوو، هەرچەندە باسی هاوپەیمانیش دەكرا كە تائێستا ئەزموون نەكراوە، ئەوان چاوەڕێی ئەوەیان نەدەكرد هاوپەیمانی ئەو دەنگە بهێنێ، سەرەڕای ئەو هەموو تەزویرەش ئینجا بەس گۆڕان لەپێشمانەوە بوو.

 

واتە هەموو بێمتمانەییەكە لەسەر د.بەرهەم بوو نەك ئەمەی تۆ باسی دەكەی پرۆژەیەكی خراپ بێ؟

 

محەمەد رەووف: خۆی ئەو دیعایانەی كە دەكران وابوو، چونكە تەواوی سەركردەی حزبەكان و هێزەكانیش تەركیزیان لەسەر بەرهەم ساڵح بوو نەك پرۆژەی هاوپەیمانی. پروپاگەندەی زۆریشمان لەسەر دەكرا. ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئێستا ئەوەی روویداوە بریتییە لەوەی ئەوانەی نەهاتنە پێش بۆ پرۆژەكە زەرەریان كرد. دەبوایە ئەو پرۆژەیە ئەزموون بكرایە بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆن بچووك نەبێتەوە. چەندە ئۆپۆزسیۆن بچووك ببێتەوە هێندە بێ متمانەیی بەرامبەر هەڵبژاردن زیاتر دەبێت و حوكمڕانیش بۆ دواوە دەگەڕێتەوە.

 

پێتانوایە بەرهەم ساڵح ویستی پرۆژەی هاوپەیمانی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكاربێنێ یان ئێوە ویستتان سوود لە ناوبانگی د. بەرهەم وەر بگرن؟

 

محەمەد رەووف: وەڵڵا دەبێ خەڵك وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە. بەڵام تۆ هەم وەك سیاسیەك هەم وەك كەسێكی ئاگادار لە رووداوەكان دەتوانی خوێندنەوەی باشتری بۆ بكەی؟

 

محەمەد رەووف: من خوێندنەوەی بۆ ناكەم، چونكە ئەنجامەكەی زۆر دیارە. من قەناعەتم بەوە نەبوو كە دكتۆر بەرهەم بڕوات. دوو قۆڵیش زۆر قسەمان كردو پێم وت نەچی گەورە دەبی، ئایندەت دەبێ و خەڵك متمانەت پێ دەكات. پێم وت ئەگەر لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ببیتە سەرۆكی لیست ئەگەر یەك كورسیش بهێنی لەدڵی خەڵكدا زۆر گەورە دەبی. هەرچەندە باوەڕیشم وابوو كورسی زۆر بەدەست دەهات. من ئەسڵەن باوەڕم بەو كورسی سەرۆك كۆمارییە نییە، چونكە بەپێی دەستوور كورسییەكی بێ دەسەڵاتەو بە كاك بەرهەمیشم وت تۆ ناتوانی بە زۆر دەسەڵات بۆ ئەو كورسییە دروست بكەیت. ئەو قەناعەتی وابوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ سەربڕینی ئەو بوو. بۆیە ئەو پێی وابوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا یەكجاری كۆتایی بەژیانی سیاسی ئەو دەهێنن. ئێمەش باوەڕمان وابوو چوونەكەی خراپترە لە نەچوون. چوار ساڵیشمان لەبەردەستە بۆ ئەو تاقیكردنەوەیە دوای چوار ساڵی تر دەردەكەوێ كە بەرهەم ساڵح راستی كرد یان ئێمە.

 

هاوپەیمانی ئێستا لەڕووی پەیوەندییەكانییەوە لە یەكێتییەوە نزیكترە یان لە پارتییەوە؟

 

محەمەد رەووف: ئێستا كاتی نزیكی و دووری نییەو لە داهاتوودا كاتی ئەوەش دێت.

 

ماوەیەكی زۆر رۆیشتووە بەسەر هەڵبژاردندا بەڵام تائێستا حكومەت پێكنەهاتووە، خوێندنەوەتان بۆ ئەم دواكەوتنە چییە؟

 

محەمەد رەووف: نەدەبوو پێكهێنانی كابینەی نوێ هێندە دوابكەوێت. بەڵام لە كوردستان دەڵێن بۆ عێراق لەپێكهێنانی حكومەت دوادەكەوێت با ئێمەش كەمێك دوابكەوین و كێشە چییە! بەداخەوە ئەوەی لای ئێمە نرخی بۆ دانانرێت كاتە. شەش مانگ رۆیشتن لەكاتی خەڵك گاڵتەی پێناكرێت، حكومەت موڵكی گشتییەو هی خەڵكە. بەڵام لێرە حكومەت موڵكی حزبە. حزبەكان چەندە بەپێویستی بزانێت حكومەت دوائەخات وەك شتێك كە موڵكی خۆی بێت نەك هی خەڵك. دواخستنی پێكهێنانی حكومەت تەنیا بەرژەوەندی حزبی و شەخسیەو هیچی تر نییە. ئێستا هۆكاری سەرەكی بۆ دواكەوتنی پێكهێنانی كابینە پەیوەندی بە رێكنەكەوتنی پارتی و یەكێتییەوە هەیە نەك كورسی پەرلەمانی بۆ نموونە ئەگەر كورسی پەرلەمانی پێوەربێ پارتی كە لیستی زۆرینەیە بە ئەنجامدانی رێككەوتن لەگەڵ گۆڕان دەتوانێ كابینە پێكبهێنێت و دەنگی پێویستیش هەیە بۆ كابینە.

 

پێت وانیە دیسان ئێمە گەڕاوینەتەوە بۆ خاڵی سەرەتا؟

 

محەمەد رەووف: لەئەسڵدا هەر خۆی گەڕاوە بووە بۆ دواوەو هیچ كات چاك نەبووە. هەرگیز بۆ یەك كاتژمێریش یەك ئیدارەیی لەكوردستان دروست نەبووە. هەرچی لەبارەی یەك ئیدارەییەوە وتراوە ئەسڵ و ئەساسی نەبووە. ساڵی 2005 رێككەوتنی ستراتیژی لەنێوان یەكێتی وپارتی مۆركراوە بۆ ئەوەی بەحیساب حكومەتی یەكگرتوومان هەبێ و ئەوان رێككەوتنەكەیان بۆ ئەوەبوو یەك حكومەتیان هەبێت، كەچی هەموو شتەكان بەهاوبەشی بەڕێوە دەبەن. بۆ نمونە ئەگەر هەموو هێزەكان لەسلێمانی بە یەكەوە كۆبكەیتەوە یەكێتی لەنیوەش كەمترە، بەڵام لەبەرئەوەی هێزی عەسكەری هەیەو پێگەیەكی ئەمنی هەیەو پەیوەندییەكی ئیقلیمی هەیە، لەو سنوورە بووە بەهێزی یەكەم. باسەكە لەكوردستان باس لە كورسی یان دەنگ نییە، بەڵكو باس لە بوونی هێزی عەسكەرییە. ئەوەی هەیە تەنیا درێژەپێدانی دووئیدارەییەو هەرگیز یەكێتی لەودیو دێگەڵە دەسەڵاتی نەبووەو بەپێچەوانەش پارتیش لەملا هیچ كات دەسەڵاتی نەبووە.