عومەر مەرگەیی
6, نیسان 2019

مرۆڤ سەنتەری

له مێژووی مرۆڤایەتیدا، بەپێی هەمەجۆری قۆناغەکان و ڕێباز و فەلسەفە و دیدگا سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان ، ڕاڤە و شرۆڤەی فرە ڕەهەند بۆ ڕۆڵ و کاریگەریی مرۆڤ لەسەر خودو ژینگەی سرووستی و کۆمەڵایەتی کراوە .

 

سیستمی منایەتی egotism ( الانانية ) لەهەندێ شوێن بە تاکگەرا یان تاکایەتی یان نێرگزێتی ( النرجسیە ) ناوزەدکراوە و زیاتر تایبەتمەندیی ئاراستەیەکی دەروونی – کۆمەڵایەتی وەرگرتووە . مرۆڤ دەکرێت بە سێنتەری خۆی ، خۆشویستنی خود و موعجیب بوون بە هەموو خەسڵەت و سیفاتەکانی خۆی تا ئاستی نغرۆکردنی سرووشت و کۆمەڵ لە کەسێتی خۆیدا .

 

لای ئەم ڕەوتە ژینگەی سرووشتی و کۆمەڵایەتی و کەسەکانی دیکە هەموویان تەنها هۆکارن بۆ خۆشگوزەرانی خودێک . فەیلەسوفی ئيسپانی ئۆرتیگا دەڵێ : مرۆڤ بوونەوەری کۆمەڵایەتی نییە (۱)، شۆپنهاور لەسەر شێوازی بیرکردنەوەی ئەم ڕەوتە دەڵێ : هەر تاکێک دەیەوێت هەموو شتێک بۆ خۆی بێت . دەیەوێت خاوەنی هەموو شتێک بێت یان لانی کەم هەمووشتێک لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەودا بێت ، هەروەها ئارەزوو دەکات هەموو ئەوانە تێکشکێنێ کە لە ژیانیدا دێنە سەر ڕێی( ۲ )، ئەمانە لە کۆمەڵ دابڕاون و لە واقیع ڕادەکەن ، ڕەخنە قبووڵ ناکەن و مافی بەرامبەر نادەن ، دژی بەرژەوەندییەکانی کەسانی ترن .

لە فەلسەفەی بوونگەراییشدا هەمان شێوەی ئیگۆتیزم تەواوی پیرۆزییەکان بە دەبەخشرێت بە مرۆڤ و ئەو حەقیقەتەی لەواقیعدایە، لایان وایە مرۆڤ بە لەدایک بوون خۆی دەدۆزێتەوە و دەبێتە خوڵقێنەری خۆی . دەڵێن شوناسی مرۆڤ کارەکەیەتی ، یان مرۆڤ جگە لەسەرجەم کارەکانی هیچ نییە . بوونگەرایی ئازادی بێ سنوور بۆ مرۆڤ دادەنێت ، لە کاتێکدا ئازادی ڕەها خۆی زێدەڕۆییە بۆ سەر ئازادی کەسانی تر . بوونگەرایی قوتابخانەیەکی فەلسەفییە و دەڵیت بوونی مرۆڤ بەر لە ماهیەتەکەیەتی … واتا مرۆڤ دروستکاری خۆیەتی بە ڕەچاونەکردنی هیچ فاکتەرێکی کاریگەر بەسەریەوە (3).

هایدیگەر دەڵێ : بوون لە هیچەوە درووست دەبێت ، لە بوونگەراییدا دڵەڕاوکێ و بێهودەیی زاڵە . لەڕاستیدا مرۆڤ بۆ ڕەواندنەوەی مەترسی کارەساتە سروشتی و ژینگەییەکان پێویستی بەهاوکاری دەستەجەمعییە ، بۆیە هەردەم بوونگەرایی بەر ڕەخنە دەکەوێت .لە سیستمی سەرمایەداریدا هەرچەندە تاک یان مرۆڤ لە لایەک سیفاتی پیرۆزی پێدەدرێت و لە لایەکی ترەوە زۆرینەی ڕەهای کرێکاران دەچەوسێنرێنەوە ، وەک کەلوپەل و کەرەستەی بەرهەمهێنان و دابینکردنی پێداویستییەکانی سەرمایەداران بەکار دەهێنرێن، پێچەوانەی سیستمی سەرمایەداری، کۆمۆنیستەکان لە سیستمی سیاسی – کۆمەڵایەتی خۆیاندا لە جیاتی تاک گرنگی بە کۆمەڵ دەدەن ، هەرچەندە درووشمی دیار و جوانی کۆمۆنیستەکان ( بۆ هەرکەسێک بەپێی توانستەکەی و بۆ هەموو کەسێکیش بەپێی پێویستییەکەی ) .

 

بەڵام هەر کۆکردنەوەو لە قاڵبدانی تاک لە بۆتەی ئایدۆلۆژیای شموولی کۆمۆنیستی و فەرمانڕەوایی دیکتاتۆریەتی پڕۆلیتاریادا ، مانای زەوتکردنی ئازادیەکانی تاکه . هەرچەندە بە درێژایی مێژوو تەواوی ڕەوت و ڕێباز و دیدگا و میتۆدەکان بە جیاوازی بوون و جیهانبینییانەوە بە شێوەیەکی ڕێژەیی لەسەر مرۆڤ و مرۆڤایەتی و ڕۆڵ و کاریگەریان هەڵوێست و هەنگاویان هەبووە ، بەڵام تا ئێستا کەمن ئەوانەی مرۆڤ سێنتەری بە کاریگەری و کارلێکی کۆمەڵایەتییەوە ببەستنەوە .

 

مرۆڤێتی یان مرۆڤایەتی کۆمەڵێک سیفات و خەسڵەت و توانستە لە داهێنان و گونجان و سازان ، ڕێککاری ( تنسیق ) ، هاوکاری ، بەخشندەیی ، خۆشەویستی …تاد . کۆمەڵگای نوێ پێویستی بە سیستمی نوێی ژیان و ژیاری هەیە .

 

سیستمێک مرۆڤی مەزن و کارا بەرهەم بهێنێت ، مرۆڤێک کە هەست به‌ بەرپرسیارێتی خۆی بکات بەرامبەر چارەنووسی خۆی و گەلەکەی ، چونکە ئەو تاکەی هەست بە لێپرسراوێتی نەکات سەربەخۆ نابێت و ناتوانێت داهێنان و ئەفراندنی شمەک بکات .

 

کۆمەڵگای هاوچەرخ پێویستی بە سیستمی مرۆڤ سێنتەری هەیە ، بەجۆرێک کەمرۆڤ چەقی کۆمەڵگه‌یە نەک سێنتەری خودی تاک . واتە پێگەیەنەری مرۆڤی ئازاد و سەربەخۆی بەرهەمهێن و کاریگەر کە هاوبەشە لەکۆمەڵگه‌ی مرۆڤایەتی ، بە مانای کۆمەڵگه‌ میحوەر نییە و لاوەکییە بەڵام بەهۆی کارلێک ( تفاعل ) ی کۆمەڵایەتی یەوە کاریگەری ڕێژەیی لەسەر مرۆڤ دەبێت ، چونکە لێرەدا مرۆڤ جگە لەوەی سێنتەر و سەرەکییە بەڵام لەکۆمەڵگه‌ دابڕاو نییە .

 

مرۆڤ سێنتەری بە مانای سیستم یان ڕێبازێک بۆ گەشەپێدانی توانستە مرۆییەکان لە بوارەکانی عەقڵی و دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە .

 

سیستمەکە بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤە لە وابەستەیی و پاشکۆیەتی بۆ هەر جۆرە ئایدۆلۆژیا و ڕەوتێکی مەزهەبی و ناسیۆنالی، لەم سیستمەدا مرۆڤ حەقیقەتی بوونێکی جوانی وەک خۆرەو هەموو پەیوەندییەکان ڕووناک دەکاتەوە بە پەیوەندیە ئایینی و نەتەوەکانیشەوە .لە مڕۆڤ سێنتەری دا ئەگەر چی مرۆڤ میحوەر و سەرەکی یە بەڵام تاکێکی کارای ناو کۆمەڵگەکەشیەتی ، چونکە سیستمی گەشەپێدانە کە بوار دەرەخسێنی بۆ گەشەپێدانی ڕێژەیی توانستەکان و ساز و ئامادەکردنیان بو بیناکردنی کەسێتی مڕۆڤی مەزن کە بەخشندەیی کۆمەڵایەتی دەبێت. پلیخانۆڤ دەڵێ : مۆڕاڵی مڕۆڤی مەزن ئەوەیە خۆی بەکۆمەڵگەکەی دەبەخشێت (٤) .

لەمرۆڤ سێنتەریدا  دادپەروەری جەوهەر و ڕووحی هاوڵاتیبوونە ، دادپەروەری سیاسی و کۆمەڵایەتیش هەموو جیاوازییەکی تاکایەتی دەسڕێتەوە و بەها مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤ جێگیر دەکات ، دەتوانرێت بڕی گەشاوەیی مرۆڤ سێنتەری بە ئاستی دادپەروەری سیاسی و کۆمەڵایەتی هەرکۆمەڵگایەک پێوانە بکرێت .

 

لەم سیستمەدا بە هیچ پاساوێک مرۆڤێک ناکرێته قوربانی بۆ مرۆڤێکی دیکە . مرۆڤ سێنتەری سیستمی گەشەپێدانی زۆرترین توانستە بنەڕەتیەکان و جێگیر کردنی زۆرترین بەها مرۆیی و کۆمەڵایەتیەکانە لە مرۆڤێکی کارا و کاریگەر بۆ چالاککردنی گۆڕێنی پۆزەتیڤی کۆمەڵگه‌ و پێگەیاندنی مرۆڤێک کە ئاسوودە بێت به هاوکاری بەرامبەرەکانی و بە بەخشینی بێبەرامبەر .

 

سەرچاوەو پەراوێزەکان ؛

۱- الفرد و المجتمع ، ب . بیخوفسکی . ت ، هنری ریاض ، دار التلیعە ، بیروت چاپی ۳ ، ۱۹۷۸، ل(16)

۲- هەمان سەرچاوە، ل(11)

۳- بوونگەرایی فەلسەفەی واقیعی کۆمەڵایەتی ، کۆمەڵە وتار ، و ، خالید عوسمان تەها ، سەنتەری ڕووناکبیری هەتاو ، هەولێر ۲۰۰٦ ، ل(83).

٤- دور الفرد فی التاریخ . بلیخانوف ، دار التقدم . موسکو ، ۱۹۸۹۰