هاوپەیمانی نیشتمانی
16, شوبات 2019

چاوپێکەوتنی سەرۆکی هاوپەیمانی لەگەڵ ڕۆژنامەی ژیان

ژیان: زانكۆ سەردار
ئارام قادر، سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی لە چاوپێكەوتنێكی تایبەت لەگەڵ ژیان باس لەوەدەكات كە دەتوانین لەقۆناغی دەسەڵاتەوە بچینە قۆناغی بنیاتنانی دەوڵەت، ئاماژەی بەوەشدەكات كە پێش گەڕانەوەی دكتۆر بەرهەم بۆناو یەكێتی هەوڵی زۆر لەنێوان ئەوان و حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن دران بەڵام بێ ئەنجام بوون.

 ژیان: دەمەوێت بپرسم، وەك حزبێكی سیاسی لەهەرێمی كوردستان، خوێندنەوەتان بۆ واقیعی ئێستا و داهاتووی دۆخی هەرێم چییە؟

 ئارام قادر: داهاتوی هەرێمی كوردستان پرشنگدارو بەهێز دەبێت لەڕوانگەی پێشهاتە نێودەوڵەتی و ناوچەییەكان، كورد دەتوانێت ئەم بارودۆخەی ئێستاو داهاتوو سود لێببینێت، لەقۆناغی دەسەڵاتەوە بڕواتە قۆناغی بنیاتنانی دەوڵەت، پێشڕەوی داعش تەنها سودی حزبی لێوەرگیراو نەكرایە دەرفەت بۆ بنیاتنانی داهاتویەكی بەهێز بۆ كوردستان. بەردەوامبونی پیادەكردنی دەسەڵاتی دوو ئیدارەی زیانی گەورە دەدات لەئێستاو داهاتوی كوردستان، بارودۆخی هەرێم پەیوەستە بەبارودۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتی كە لەعێراق دەگوزەرێت، لەروانگەی پێشهاتەكان ئەم بارودۆخە بەم شێوەیە بەردەوام ‌بێت بارودۆخی كوردستان زیانی گەورەی سیاسی و ئابوری دەكات، بەڵام دواجار دۆخەكە ‌ گۆڕانكاری گەورە بەخۆییەوە نەبینێت، بۆیە گرنگە كورد لەچوارچێوەی ئەو ستراتیژە خۆی رێكبخاتەوەو سود لەهەڵە سیاسی، ئابووری و سەربازییەكان وەرگرێت.

 ژیان: پێتان وایە بۆشایەكی حزبی و سیاسی هەبێت لەئێستای كوردستان كەلەخزمەتی خەڵكی كوردستان دابێت؟

 ئارام قادر: كوردستان لەبەردەم گۆرانكاری كۆمەڵایەتی و سیاسی گەورەدایە، دۆخەكان بەم شێوەیە نامێنێتەوە، خواستی كۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری خەڵك گۆڕانكاری گەورەی بەسەرداهاتووە، بۆیە بۆشایەكی سیاسی زۆر فراوان هەیە لەكوردستان لە دەرئەنجامی  هەڵبژاردنی 30ئەیلول كەساختەكاریەكی زۆری تێدا ئەنجامدراو لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنیش پاشەكشەیەكی گەورەیانكردو  نەخشەی سیاسی كوردستان گۆڕاوەو ئێستادا خەڵك بەشوێن جێگرەوەیەكی بەهێزی نیشتمانی دەگەڕێت كەچارەسەری بۆ هەموو دەردەكانی كۆمەڵگا پێبێت، چونكە هاووڵاتی كوردستان بێئومێد بوون لەم پارتە سیاسیانە بتوانن گۆرانكاری بكەن.

مانەوەی كوردستان بەم دۆخە زیانی گەورەی سیاسی و ئابووری دەبێت

 ژیان: ئێوە وەك (هاوپەیمانی نیشتمانی) دەتانەوێت چ نمونەیەك پێشكەش بكەن جیاوازتر لەنمونەی حزبەكانی پێشتر كە لەبەرژەوەندی هاوڵاتیان بێت؟

ئارام قادر: ئێمە واقعی سیاسی و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگاكەمان زۆربەباشی هەڵسەنگاندووە‌، خاڵی جیاوازی زۆر هەیە كەهاوپەیمانی جیابكاتەوە لەهێزو لایەنەكانی تر، لەوانەش هاوپەیمانی دەیەوێت ببێتە هێزێكی دەستە بژێری كۆمەڵایەتی نەك هەموو كۆمەڵگە رێك بخەین لەچوارچێوەی هاوپەیمانیدا، هاوپەیمانی پڕۆژەی بنیاتنانەوەی كوردستان  پێشكەش دەكات دوور لەهەڵچوون و تەخوین و سفركردنەوەی هێزەكانی تر، بەواقعی بوارمان بۆ گەنجان و ژنان كردۆتەوە لەئاستی سەرەوەی حزب كاربكەن بەمافی خۆیان بگەن بەپۆستەكان نەك بە كۆتا یان پاڵپێوەنان، پاشان لەڕووی دیدگاشەوە ئێمە ‌ (مرۆڤ سەنتەری) یمان  كردوەتە یەكێك لەپرەنسیپە سیاسی و رۆشنبیری و فیكریەكانمان‌ نەك خیڵگەرایی و كەسپەرستی و ئایدۆلۆژیاو ئاین، ئەمەش مانای ئەوەنیە ئەوانە سفركەینەوە، بەڵكو هەموو ئەو رەنگانە ئێمە وەكو مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵ دەكەین، دەتوانن لەهاوپەیمانی كاربكەن، ئێستا لەهاوپەیمانی ئەم چین و توێژانە بونیان هەیە ئەوان پێكهاتەی هاوپەیمانین، بەڵام لەكۆتایدا دیدگای هاوپەیمانی چەتری هەموو ئەو بیروبۆچون و ئاین و ئاینزاو رەوتە كۆمەڵایەتیانەیە، ئەمەش تازەترین مۆدێلە لەكوردستان كەهەموو تێزو بۆچونەكانی پێش خۆی تێپەڕكردووە، هەر ئەم دیدگایەش‌ دەتوانێت برینەكانی كۆمەڵگای كوردی لەماوەی پتر لە٥٠ساڵی رابردودا سارێژبكاتەوەو خزمەتی كۆمەڵگەی كوردی بكات.

ژیان: جیاوازی حزبی ئێوەو هاوپەیمانییەكەی دكتۆر بەرهەم چییە كەدروستیكرد؟

 ئارام قادر: هاوپەیمانی هەریەك پرۆژەیەو بەردەوامە، بەڵام لەرابردودا بایەخ بەلایەنە فیكری و رۆشنبیری و ئاكاری سیاسی نەدرا، لەبنەڕەتدا بۆ ئەوە دروست بوو كەببێتە پرۆژەیەكی فیكری و رۆشنبیری و پاشان ببێتە قەوارەیەكی هەڵبژاردن و بێتە مەیدانی ململانێ سیاسیەوە، بە هۆی هەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠١٨زۆربەی ئۆرگانەكانمان پێكنەهاتبوون، هاودیدان پۆست و شوێنی خۆیان بۆدیاری نەكرابوو یان دیاریش كرابایە نەدەڕۆیشتە بواری جێبەجێكردنەوە، لەڕووی دیدگاوە هاوپەیمانی گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا هاتووە كەئەویش ئەو پرەنسیپانەی لەسەری پێك هاتبوین دەمانەوێت بڕواتە بواری جێبەجێكردنەوە، لەوانەش گواستنەوەی ئەم قەوارەیە لە قۆناغی پەیوەست بونی بەكەسێكەوە بۆ قۆناغی دامەزراوەیی بوون، چەسپاندنی  بنەمای دانانی كەسی شیاو لەشوێنی شیاو بێ رەچاوكردنی پاشخان و مێژووی سیاسی هاودیدان، هەروەها هاودیدان سەلماندیان كەئەوان عەودالی پرۆژەو دیدگایەكن و شوێن كەس و كەسایەتیەك ناكەون.

ژیان: تاوەكو ئێستا بەرەگاتان لە هەموو پارێزگاكان نییە هۆكار چی یە؟

 ئارام قادر: ئێمە رەوتێكی نیشتمانین هەموو كوردستان لەبادینانەوە تا خانەقین بەشوێنی كاركردنی خۆمان دەزانین تەنانەت جیاواز لەهەموو حزبەكانی دیكە شێوازی داڕشتنی هەیكەلی دەسەڵاتمان زۆر فرەڕەنگە لەهەموو ناوچەكانی تێدایە، بارەگای سەرەكی ئێمە لەهەولێرە لەسلێمانی و دهۆك ئۆفیسمان كردۆتەوە، لەداهاتویەكی نزیكدا لەهەڵەبجە، سۆران، راپەرین، كەركوك و گەرمیان ئۆفیس دەكەینەوە، من بۆخۆم چەند لەسلێمانیم ئەوەندەش لەهەولێرم، بادینانیش  بایەخی تایبەتی هەیە لەلامان، هاوكارەكانیشم هەر بەو شیوەیەن، بۆیە پێم خۆشە ئەوە راستبكەمەوە بۆتان كە لەهەموو پارێزگاكان بارەگاكانمان وەكو یەكن، چونكە یەكێك لەبنەماكانی دیدگای هاوپەیمانی رەتكردنەوەی شارچیەتیە.

نەخشەی سیاسی كوردستان گۆڕاوەو خەڵك بێئومێد بوون لەم پارتە سیاسیانە بۆیە بەشوێن جێگرەوەیەكی بەهێزی نیشتمانی دەگەڕێت

ژیان: پەیوەندیتان لەگەڵ لایەنەكان بەتایبەت پارتی و یەكێتی چۆنە؟

 ئارام قادر: پەیوەندیمان لەگەڵ یەكێتی و پارتی ئاساییە لەگەڵ تێكڕای حزبەكانی دیكەش پەیوەندیمان بەردەوام هەیە، هەر بۆ زانیاری بەڕێزتان ‌ ئەنجوومەنی سیاسیمان ‌ هەفتەی رابردوو بەشێوەیەكی سەركەوتوو هەڵبژێدران ئەوان لەمەودودا ئەركی سەرەكییان داڕشتنەوەو زیاتر بەهێزكردنی پەیوەندییە ‌(ناوخۆیی و دەرەكییەكان) دەبێت.

ژیان: هەوڵتان نەداوە پرۆژەی هاوبەشتان هەبێت لەگەڵ ئەو لایەنانەی كەدەیانەوێت لەچوار ساڵی كابینەی نوێدا رۆڵی ئۆپۆزسیۆن ببینن؟

ئارام قادر: پێش ئەوەی دكتۆر بەرهەم بگەڕێتەوە ناو یەكێتی هەوڵی زۆردراو هەموو هەوڵەكان بێ ئەنجام بوون، دەبێت بیر لەمیكانیزمی تر بكرێتەوەو كۆبونەوەی حزبەكان هیچ  ئەنجامێكی نابێت گەرئاراستەو میكانیزمی كۆبونەوەكان نەگۆڕدرێت و دونیابینی سەركردەكان گۆڕانی بەسەردا نەیەت.

ژیان: بۆچی كۆنگرەی حزبەكەتان لەهەولێر بەست، ئەوە پەیوەندی بەنزیكایەتی ئێوەو پارتی یەوە هەبوو یاخود چی؟

ئارام قادر: كۆنگرەی (هاوپەیمانی) مان لەهەولێر ئەنجامدا، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سیاسیش لەسلێمانی، هەولێر پایتەختی سیاسیەو سلێمانیش پایتەختی رۆشنبیریە، لەپەیڕەودا هاتووە ئۆفیسی سەرەكی هاوپەیمانی لەهەولێر دەبێت بۆیە گرێدانی ئەو كۆبونەوانە بەڵگەی دوورو نزیكی ناگەینێت لەحزبە باڵادەستەكانی ئەو ناوچانە.

ژیان: وەك حزبێكی نوێ كێشەی داهاتتان نییە؟

ئارام قادر: لەسەرەتاوە بوارنادەین كێشەمان هە بێت، چونكە زۆرینەی هاودیدان بەخۆبەخشی كاردەكەن و سیستەمی خەرجیش بەجۆرێك دیاریكراوە زیادەرۆیی لەخەرجیدا دروست نەبێت،  خەرجی بێ كۆنترۆڵ و زیادەرۆیی لەبونی موچەخۆردا كێشەی داهات دروست دەكات.

ژیان: پەیوەندیتان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە چۆنە؟

ئارام قادر: پەیوەندێكی توندوتۆڵ و بە هێزمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە هەیەو بەردەوامین لەبەهێزكردنی ئەو پەیوەندیانە بەمەبەستی دروستكردنی سەقامگیری سیاسی و كۆمەڵایەتی بۆگەلانی ناوچەكە.

پێش ئەوەی دكتۆر بەرهەم بگەڕێتەوە ناو یەكێتی كۆبوونەوەی زۆر لەنێوان ئێمەو حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن ئەنجامدران و هەوڵەكان بێ ئەنجام بوون

ژیان: بۆچی لەو رووداوانەی كەئێستا رودەدەن ئێوە بێدەنگن؟ یاخود هەست بەچالاكییەكانتان ناكرێت؟

ئارام قادر: هاوپەیمانی لەم قۆناغەدا زیاتر بایەخ دەداتە كاروباری ناوخۆیی قەوارەكە چالاكیەكانیشمان چڕبوتەوە لەخۆبەهێزكردن و تۆكمەكردن، هاوپەیمانی نایەوێت خۆی سەرقاڵ بكات بەكۆمەڵێك بابەت كەلەلای هاووڵاتیان بوتە بابەت گەلێكی رۆتینی و هیچ كاریگەریشی نیە بۆسەر بژێوی هاوڵاتیان.