مۆفەق لهۆنی: هەندێک لە بەرهەمە هونەریەکان منداڵ فێری توندوتیژی دەکەن

دیجیتاڵ میدیای هاوپەیمانی

سازدانی؛ بەهرە ئەحمەد

مۆفەق عارف لهۆنی هونەرمەند و شارەزا لە بواری هونەری منداڵان لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دیجیتال میدیای هاوپەیمانی تیشکی خستە سەر ئاستی هونەری منداڵان و کاریگەری ئەو هونەرە لەسەر پەروەردەکردنێکی تەندروستی منداڵ.

 

دەتوانین چۆن پێناسەی هونەری منداڵان بکەین؟

مۆفەق عارف لهۆنی: هونەری منداڵان بە گشتی ئەو هونەرەیە کە لە چوارچێوەیەکی  تایبەتی پەروەردەیی چێژئامێز و پڕمان و  خۆی دەبینێتەوە لە شانۆ و مۆسیقا و شیوەکاریی و سینەما و چەند هونەرێکی دیکە، لەناوەوەو دەرەوەی خوێندنگاکاندا و لەلایەن ڕێکخراو و گروپەکان و بەشێک لە میدیاکانەوە ئەم هونەرە پێشکەش دەکرێت.

 

ئاستی هونەری منداڵان لە هەرێمی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

مۆفەق عارف لهۆنی: ئەگەر بە چاوی هەڵسەنگاندنەوە سەیری چالاکیەکانی بواری هونەری منداڵان بکەین دەبێت توێژینەوەیەکی وردمان لەبەردەستدا بێت چوونکە بەو چەند چالاکییە کەمەی کە پێشکەش دەکرێت ناتوانین بڕیار بدەین و بڵێین هونەری مندالان لە ئاستێکی باشدایە، بەڵام بێهیواش نین لەوەی کە هونەری منداڵان هەیە و دەکرێت لە داهاتوودا ئاستێکی باشتر بەخۆیەوە ببینێت، هونەری منداڵان هۆکارێکە بۆ فراوانکردنی خەیاڵی منداڵان و دەرخستنی تاواناکانیان.

 

لایەنی پەیوەندیدار تا چەند لە پێویستی و گرنگی ئەم هونەرە تێگەیشتووە؟

مۆفەق عارف لهۆنی: وەزارەتی پەروەردە و کاروباری کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری هەموویان بەرپرسن لە منداڵان و هونەر و پەروەردەکردنیان، ئەو بابەتە تەنها ئەرکی وەزارەتی پۆەروەردە نییە و لە هەندێک کاتدا ئەرکی وەزارەتی تەندروستیشە، هەمووان بەیەکەوە دەبێت ئەو ئەرکە هەڵگرن، وەزارەتی پەروەردە تا ئێستا پلانێکی دانەناوە کە هونەر و وەرزش وەکو دوو وانەی سەرەکی بخوێنرێن و هیچ پڕۆگرامێکی دیاریکراو نییە بۆ وانەی هونەر و پێداویستیەکانی ئەو وانەیەش لەبەردەستدا نین لە قوتابخانەکان وەک هۆڵی شانۆ و ستۆدیۆ و ئامێرەکانی مۆسیقا و پێداویستەکانی شێوەکاری، هەروەها مامۆستای شارەزامان لەو بوارەدا نییە کە بتوانن وانەکە بە تەواوەتی بڵێنەوە.

 

کاریگەری دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەسەر هونەری منداڵان چۆن بووە؟

مۆفەق عارف لهۆنی: دەزگاکانی راگەیاندن زۆر کاریگەرییان هەیە لەسەر بواری پەروەردە و هونەری مندالان، چوونکە ناراستەوخۆ لە ناو خێزان و قوتابخانە و تەنانەت لەسەر شەقامەکانیش کاریگەری لەسە مندا دادەنین، بۆ دروستکردنی میدیایی تەواویی تەندروستی منداڵان، پیویستمان بە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ هەیە لە بوارەکانی پەروەردە و دەرونناسی و کۆمەلناس و چەند بوارێکی تر، بۆ ئەوەی بتوانن بەیەکەوە کار بکەن بۆ ئاراستەکردنی دەزگاکە.

پێت وایە ڕاگەیاندنەکان گرنگی بە هونەری منداڵان دەدەن؟

مۆفەق عارف لهۆنی: چەند دەزگایەک هەیە کە کار بۆ منداڵان دەکەن، بەڵام بەپێی پیویست نین، دەبێت دەزگاکان کاری زیاتر بکەن تا چالاکیە هونەرییەکان بگەیەنن بە زۆرینەی منداڵان و کە ئەوە یەکیکە لە گرفتە گەورەکانی ئێمە و دەزگاکان چالاکیەکانی منداڵان ناگوازنەوە و گرنگی پێنادەن.

 

پێتان وایە بەرهەمە هونەریەکانی ئێستا کاریگەری نەرێنییان لەسەر منداڵان هەبێ؟

مۆفەق عارف لهۆنی: هەندێک لەو بەرهەمانەی کە پەخشدەکرێن توندوتیژییان تێیدایە و منداڵەکان لە ڕێگەی ئەو بەرهەمانەوە فێری توندوتیژی دەبن و لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیاندا دووبارەی دەکەنەوە، بۆیە گرنگە ئەوانەی کە لە بواری منداڵاندا کار دەکەن لە هەموو ڕووەکانەوە شارەزا بن و لەڕووی پەوەردەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە ڕەچاوی ئەو بەرهەمانە بکرێت.