د. موئمین زەڵمی
8, نیسان 2019

هاوپەیمانیی نیشتمانی بەرەو کوێ؟

لە دوای گۆڕینی ناو و هەڵبژاردنی سەرۆک و تەواوکارییەکانی پەیکەری رێکخراوەیی هاوپەیمانی نیشتمانی، پرسیارەکان زۆرتربوون لەسەر دید و فۆڕمی بەڕێوەبردن و دارایی و پڕۆژەکانی هاوپەیمانی بۆ داهاتوو، ئەم سەرەقەڵەمانە وەڵامی پرسیارەکان دەدەنەوە:

 

– هاوپەیمانیی دژی هیچ کەس و لایەنێک ڕانەگەیەنراوە و ناچێتە دژەبەری هیچ دڵسۆز و خەمخۆرێکی کوردستانەوە.

 

– بە چاوی ڕێز لە خەباتی هێز و کەسایەتی و لایەنەکان دەڕوانێت و پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی باڵای کوردستان پەرەپێدەدات.

 

– ئایین پێگەی رێز و شکۆیە و هەموو پێکەوە پەرە بە پێکەوەژیانی ئایینی دەدەین لە پێناو چەسپاندنی دادپەروەری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا.

 

– خەباتێکی بەردەوامی رێکخراو دەبێت لە پێناو حوکمڕانی ڕەشید و چەسپاندنی دیموکراسی و بەرپاکردنی عەدالەت.

 

– هێزێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی مەدەنییە بۆ خزمەتکردنی مرۆڤی کورد و مرۆڤایەتی لەسەرتاسەری جیهاندا.

 

– دارایی هاپەیمانیی، هاوکاری و هەماهەنگی دڵسۆزانی پڕۆژەی (مرۆڤ سەنتەری) و (دیدگای نیشتمانی) یە و نابێتە دوکانی سیاسی بۆ بەرژەوەندی شەخسی و خزمیی و مەرجی تەواویشی هەیە بۆ هەر دەستبارگرتن و یارمەتییەک، ئەوەش لە پێناو شکۆی (هاودیدان)دا.

 

– بڕوای تەواوی بە کاری پێکەوەیی لەگەڵ کەسایەتی و ڕێکخراو و لایەن و هێزەکانیتردا هەیە لە پێناو خزمەتکردنی گشتیدا تا ئاستی یەکچەتری و پێکەوەبوون.

 

– تێزەکانی دیدگای نیشتمانیی بەردەوام دەبن و هەموو دڵسۆزێکی نیشتمان خاوەن و پشکداری ئەم پڕۆژەیەیە لە ناو هاوپەیمانیی نیشتمانی و دەرەوەی هاوپەیمانییش.

 

– هەموو ئەوانەی هەڵگری دیدگای نیشتمانیین، (هاودید)ی ئێمە دەبن و شانازیان پێوە دەکەین.

 

– سیاسەت ڕەنگوڕووی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و هاوڕێیانە و دۆستانەییەکان ناشێوێنت.

 

– رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەنتەرە و ناوەندە ڕۆشنبیری و ستراتیجی و ئەکادیمییەکان سەرچاوەی گەشە و نەش و نمای دیدگای نیشتمانین و پەرەپێدەر و دەستباری پەرەسەدنە سیاسییەکانی دیدگای نیشتمانی دەبن.

 

– بڕوای تەواوی بە ئازادی میدیایی و ئازادی بیرکردنەوە و ئازادی ڕادەربڕین هەیە و بەشێک دەبێت لە پێشخستنی خەبات لە پێناو ئازادیدا.