ئەنگێلا مێرکڵ هۆشداری دەدات

راوێژكاری ئه‌ڵمانیا هۆشداری‌ له‌ كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ سوریا ده‌دات و رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌و كاره‌ ده‌بێته‌ هۆی زیادبوونی هه‌ژموونی روسیا و ئێران له‌و وڵاته‌دا.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 16ی شوباتی‌ 2019، ئه‌نجێلا مێركڵ راوێژكاری ئه‌ڵمانیا، هۆشداری دا به‌ ئه‌مه‌ریكا كه‌ “ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی له‌ سوریا بكشێنێته‌وه‌ هه‌ژمونی روسیا و ئێران له‌و وڵاته‌دا زیاد ده‌بێت”.
به‌گوێره‌ی هه‌واڵێكی‌ به‌شی‌ كوردی‌ ده‌نگی ئه‌مریكا، ئه‌م قسانه‌ی مێركڵ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ته‌واوی هێزه‌كانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش له‌ سوریا له‌ رووبه‌رێكی زۆر بچووكدا گه‌مارۆدراون و وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێ به‌مزووانه‌ به‌ته‌واوه‌تی له‌ناو ببرێن.
له‌ 19ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ رابردوودا دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا سه‌ركه‌وتنی‌ به‌سه‌ر داعشدا له‌ سوریا راگه‌یاند و بڕیاری دا هێزه‌كانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ له‌ سوریا بكێشێته‌وه‌.
كاتێكی‌ دواتر رۆژنامه‌ی‌ نیویۆرك تایمز ئاشكرایكرد كه‌ تره‌مپ رازی‌ بووه‌ ماوه‌ی‌ كشانه‌وه‌ی‌ سوپای‌ وڵاته‌كه‌ی‌ له‌ سوریا بۆ چوار مانگ درێژ بكاته‌وه‌.

پێده‌چێت هه‌ر پاش شكستی ته‌واوه‌تی داعش هێزه‌كانی ئه‌مریكا پاشه‌كشه‌ بكه‌ن له‌و وڵاته‌، به‌ڵام واشنتن له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی رازی بكات به‌ مانه‌وه‌ له‌ سوریا پاش كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی خۆی.