سپیکردنەوەی پارە یەکێتی ئەوروپای تووڕەکردووە

یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند: هەرسێ وڵاتی (سعودیە، نەیجیریا، پەنەما) و چوار دورگەی ژێر دەسەڵاتی ئەمەریکا کەوتونەتە لیستی رەشی سپی کردنەوەی پارەوە.

کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ئاشکرای کرد؛ جگە لەو سێ وڵاتە دورگەکانی (ڤێرجین، گوام، ساموای ئەمەریکا، پۆرتریکۆ) کە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەمەریکان بەهۆی سپی کردنەوەی پارەوە خراونەتە لیستی رەشی یەکێتی ئەوروپاوە.

بەپێی ئەو بڕیارەی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا، پێداچونەوە و لێکۆڵینەوەی ورد لە بوارەکانی بازرگانی و دارایی و هەر جۆرە ئاڵوگۆڕێکی دراوی نێوان ئەو وڵاتانە دەکرێت کە لە لیستی سپیکردنەوەی دراودان.

ئەوروپا  پێشتریش هەر یەکە لە وڵاتانی (عێراق، ئێران، سوریا، یەمەن، لیبیا، ئەفغانستان، پاکستان، ئیسیۆپیا، کۆریای باکور، سریلانکا، گینا)ی خستوەتە لیستی ئەو وڵاتانی سپی کردنەوەی دراو تێیاندا ئەنجام دەدرێت.

دەزگای دادی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاندوە بە زوترین کات و دوای بڕیاری کۆتایی (28) وڵاتی ئەندامی یەکێتییەکە بڕیارەکە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.