هاوکار عزەت
12, نیسان 2019

کودەتای سەربازی، دەستکەوت و لێکەوتەکانی

بەدرێژایی مێژوی حوکمڕانی لە وڵاتانی دونیادا هەندێک وڵات بە هۆی جەورو ستەم و پاوانکاری و خۆسەپاندنی سەرۆکاکانیانەوە هەمیشە ململانێ و بگرەو بەردەیەکی زۆری تیا دروست بوە لەسەر جۆری حوکمرانی و دەستاو دەستی دەسەڵات و جۆری بەڕێوەبردنی وڵات. هەمیشە لەو وڵاتانەدا لە ئارامترین کاتەکانیشدا زۆرترین ململانێ و ناڕەزایی ناوخۆیی هەیە ئەگەر چی ئەو ناڕەزایەش داپۆشراوو کپکراو بێت و توانای دەربڕینیان نەبێت.

 

لە زۆرێک لەم وڵاتانەدا زۆر جار بە هاوکاریی وڵاتانی دەرەکی و زلهێزی دونیا کۆتایی بە حوکمڕانی سەرۆکە دەستڕۆشتوەکە دێت و وڵات دەچێتە قۆناغێکی نوێوە و زۆر کاتیش بەهۆی کودەتاو ڕاپەرینی ناوخۆییەوە کۆتایی بەو جۆرە حوکمرانییە دێت و ولات دەچێتە دۆخێکی ترەوە.

 

کودەتای ناوخۆیی چەند جۆرێکی هەیە کە دیار ترینیان کودەتای( سەربازی)یە کە لە خراپترین جۆرەکانی کودەتا و گۆرانکارییە لە حوکمڕانی وڵاتدا بە جۆرێک کە هەرکات لە وڵاتێکدا وەها گۆڕانکارییەک روی دابێت ئەو وڵاتە بەرەو کاولکاری و وێرانە رۆشتوەو گرژی و ئاڵۆزییەکی زۆر ڕوی لەو وڵاتە کردوەو نائارامی و ناتەبایی شەقامەکانی ئەو وڵاتانەی گرتوەتەوەو ئەو هێزەی کە کودەتای کردوەو هاتۆتە سەرتەختی دەسەلات بوەتە بەشێک لە ململانێیەکی نوێ بەلام بە جۆرێکی زۆر توند و خۆسەپێن حوکمی کردوە. هەرگیز ڕوی نەداوە لە دوای کودەتای سەربازی لە وڵاتدا باری ئاسایی باڵ بکێشێت بەسەر وڵاتدا، بە پێچەوانەوە هەمیشە باری نائاسایی راگەیەنراوەو ولات کەوتۆتە دۆخێکی نا ئارام و شلەژاوو جۆرێک لە فەوزا دروست بوە لەو وڵاتەدا.

 

کودەتای سەربازی لەبری ئەوەی ببێتە فریاد رەس بۆ گەل و نیشتمانەکەی بەردەوام بوەتە هۆی دڵەراوکێ و ماڵوێرانی و کاولکاری بۆ وڵات، چونکە ئاشکرایە بە کردەیەکی سەربازی کودەتاکە دەکرێت و هەموو کردەیەکی سەربازیش هەم قوربانی لێ دەکەوێتەوە هەم لێکەوتەی سەربازی تریش بە دوای خۆیدا دەهێنێت، بە درێژایی سالانێکی دواتر لێکەوتەکانی ئەو کودەتایانە دەمێنێتەوە بەسەر بارودۆخی وڵاتەوە چونکە ئەو هێزەی بە کودەتای سەربازی دێتە سەر دەسەڵات هەمیشە لەپێناو مانەوەو بەردەوامی دەسەڵاتەکەیدا ئامادەیە کۆمەڵکوژی و دەستگیرکردنی بە کۆمەڵی نەیارەکانی و لەناوبردنی هەموو دەنگێکی نارازی بکات، لەبەرامبەردا نەیارەکانی ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنە هەمووکات لە هەوڵی هاتنەوە سەر حوکمدان و دەیانەوێت بەهەر جۆرێک بێت کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەم کودەتایە بهێنن و لەئەنجامدا وڵات بە دۆخێکی زۆر نائارام و نالەباردا گوزەر دەکات و کاولکاری و کوشتار و گرتن و نائارامی لە وڵاتدا دێتە ئاراوە.

 

ئەوەی کە دەبینرێت لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەچەند وڵاتێک کودەتای سەربازی ڕویداوەو هێزی سەربازی دەستی گرتوە بەسەر کورسی سەرۆکاتەتیدا بەلام تا ئێستاشی لەگەڵ بێت ئارامی و ئاسایش نەگەڕاوەتەوە بۆ شەقامەکانی ئەو وڵاتەو ژیانی هاولاتیەکانی.

 

ئەوەی کە دەبێتە ئەنجام ئەوەیە کە کودەتای سەربازی هیچ کات دەستکەوتی پێ نییە بۆ ولات هێندەی کە لێکەوتەی خراپ و وێرانکاری لێ دەکەوێتەوە.