شێرکۆ سەعید
12, نیسان 2019

کودەتای دەسەڵاتی سێبەر (کودەتای سپی)

لەرۆژ هەلاتی ناوەراست کودەتا وەك چارەسەر خۆی دەناسێنێت تا ئەم قۆناغە ، کودەتا و کودەتا چیەکان خۆیان وادەناسێنن کە فریاد رەسە بۆ بەدیهینانی خواستی گەل ، ئەمرۆ پارچەیەك لەم گۆی زەویە نەماوە باوەری بەکودەتا مابێت ، لە جیهانی ئیسلامی جێی داخە دیموکراسی ئامرازێکە بۆ گرتنە دەستی دەسەلات و پاشان بەمیراتگرتنی حوکمرانی بۆ بنەماڵەی فەرمان رەوا ، بۆیە دیموکراسی بۆتە پاساوێک بۆ شاردنەوەی مەرامی دیکتاتۆریەت وچەسپاندنی حوکمی زۆرەملێی بەزەبری ئاگرو ئاسن.

 

زیاتر لە سێ چارەکە سەدەیە کودەتا بۆتە دیوەزمەیەك بۆ گیانی گەلانی جیهانی ئیسلامی ، حوکمی سەربازی یەك بەدوای یەکدا هاتون هەریەکیان بەناوی چاکسازی و پاکسازی لافاوێك خوێنیان رشتوە.

 

لەدوای بەهاری عەرەبی تازەترین فۆرمی کودەتا هاتۆتە ناوچەکە ، کاتێک شۆرشی مەدەنی گەلانی ناوچەکە بەشیوازیکی مەدەنی دێنە شەقامکان و دەسەلات ناچاردەکەن بە دەست لەکار کیشانەوە لەم کاتەدا دەسەلاتی سێبەر دەیەویت کودەتا بەسەر خواستی گەلدا بکات کەپێی دەوتریت کودەتای سپی.

 

کودەتای دەسەلاتی سێبەر یان کودەتای سپی ئەوکودەتاییە کە هەوڵ دەدات ئاوی ناوچەوانی دەسەلات بسڕێت و هەموو گەندەڵی و نادادگەری لەخودی سەرۆکدا یان چەندکەسیکی نێو دەسەلات بچوك دەکاتەوە ، واپیشان دەدات لەبەرەی گەلە ، بەلام لەراستیدا هێشتنەوەی هەیکەلی دەسەلاتە بەهەموو ناشرینیەکانیەوە لەپیناو مانەوەی دەسەلاتی سێبەر تەنها کۆمەڵی چارەسەری کاتی بۆرازی کردنی دەنگی ناڕازی دەکات ، بکەرانی ئەم کودەتایە خۆی لە دامەزراوەی سەربازی و هەوالگری و پەیوەندیەکانی دەرەوەدا دەبینیتەوە ، زۆر جار ئەم کودەتایانە پاڵنەری هەیە لە لایەن دەزگا هەواڵگریە جیهانیەکان لەپێناو پاراستی بەرژەوەندی سیاسی سەربازی هەوالگری ئابوری ولاتە زلهیزەکان.

 

لەمیسر لە لیبیا لە جەزائیر لە سودان جەنەرالەکان هەم دەیانەوێت سەرکردەکۆنەکانیان لەسزای گەڵ رزگار کەن هەم دەیانەویت داواکاری هاولاتی کورت بکەنەوە لەچەند هەنگاویک و داواکاریەکی بچوك لەگۆرینی چەند کەسایەتیەك و چەند برگەیەکی دەستور ، پاشان هەمان پیاوانی دەسەلاتی کۆن بەبەرگیکی نوێوە دەیانەویت حوکم بگرنەوە دەست.

 

ئەم فۆرمەش لە کودەتای دەسەلاتی سێبەر ، کە خراپترین ئاسەوار بەجیدیڵیت لەسەر شۆرشی ئاشتی خوازنەی گەلان ، لەدوو ئاراستەدا خۆی دەبینێتەوە یان شۆرشەکە بەلاریدا دەبات و ئاراستەی داواکاریەکان دەگۆریت یاخود گەر بزانیت لەدەست دەردەچیت شۆرشەکە لەئاشتیەوە دەگۆریت بۆشۆرشیکی خویناوی و پەرت کردنی کۆمەلگاو هەلگیرسانی شەری ناوخۆیی و زیندوکردنەوەی چەندین گروپ و نەتەوەو مەزهەب و ئاینی جودا ، لەخراپترین دۆخدا پەنا دەبەن بۆ هێزی ئیقلیمی و جیهانی بۆ بەدەموە هاتنیان.

 

جێی داخە لەم ناوچەیەدا تا ئێستا هۆشیاری پاش جولانەوەی شەقم دروست نەبوە بۆیە دەست تیوەردانی ناوخۆو دەرەکی گەورەترین زیان بەداواکاری هاولاتیان دەگەیەنیت ، ئەمەش دەبێتە هۆکاری جێ نەگرتنی داواکاریەکان بۆیە بەجێماوەی دەسەلات سەرلەنوی لەبەرگیکی نویدا وەك رایەلەیك دەچنەوە پێکهاتەی دەولەتی پاش کودەتاو دەبنەوە پیاوانی دەولەت و پاریزگاری لە بونی خۆیان دەکەن و خۆیان لە لێپرسینەوەی یاسایی دەرباز دەکەن ، لەبەرەنجامدا خواستی شەقام نایەتەدی ، ئەمەش لەبەر نەبونی هۆشیاری بەرێوبەردنی قۆناغی گۆرانکاری و قۆناغی پاش هێور بونەوەو ریکخستنەوەی دەسەلاتی هەڵوەشاو.

 

دەسەلاتە دیکتاتۆریەکان لەماوەی حوکمیاندا هەموو چالاکیەك قەدەغەدەکەن کە باس لە ئیدارەی دەولەت و ریکخستنی دامەزراوەکانی و پیکهینانی چوارچیوەی بەرێوبەراتیەکان دەکات ، تەنانەت دانیشتگای سەربازی پۆلیس هەوالگری هەموی بە وەرگرتنی تایبەتە بۆ پیاوانی حزبی دەسەلات ، بۆیە میلەت لەم جۆرە زانست یاخود هونەرە بێ بەشن کاتێك دەولەت دەروخێت هەمووی پیکەوە هەرەس دینیت ، چونکە لە پیاوان و ئەندامانی حزبی فەرمان رەوا کەسی ترنیە ئەو ئەرکە بگریتە ئەستۆ ، هێشتنەوەشیان واتای مانەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاران.

 

هەر بۆیە کودەتا بەگشتی و ئەم جۆرەی کودەتایە کە پێی دەوتریت کودەتای سپی خراپترین جۆری گۆرانکاریەو لەجیهاندا مۆدیڵیکی زۆر کلاسیک و کۆنەو هەڵبژاردن و دیموکراسی و دەستاو دەستی ئاشتیانە بۆتە جیگرەوەی ، هەر وەك لەچارەسەری تەندروستیدا داخکردن بەئاگر کۆتا چارەسەرە ، کودەتاش بۆ گۆرانکاری دەسەلات کۆتا چارەسەرە .