گۆران ئایار: خوشکم نییە بۆیە گۆرانیم بۆ خوشک وت

تازە دەستی بە کاری هونەری کردووە، گۆرانیی بۆ برادەر دەڵێت و گلەییشی لە برادەرەکانی هەیە، گۆرانی بۆ خوشک دەڵێت و ئاماژەش بەوە دەکات کە نەبوونی خوشک بۆشایی لە ژیانیدا دروستکردووە، پێی وایە زۆر و بۆری لە هونەری کوردییدا هەیە و داوا دەکات وەزارەتی ڕۆشنبیری چاودێری بەرهەمە هونەرییەکان بکات.

 

هونەرمەندی گۆرانیبێژ گۆران ئایار بۆ دیجیتاڵ میدیای هاوپەیمانی دواو ووتی “من بێجگە لە هونەری گۆرانیوتن ژەنیاری ئامێری گیتارم و ماوەیەکە کاری هونەری دەکەم و بەو کارەوە سەرقاڵم و چەند بەرهەمێکی هونەریم هەیە بەڵام لە ئێستادا خاوەنی دوو بەرهەمی هونەری تایبەت بەخۆمم بە ناوەکانی خوشک و برادەر”.

 

بیرۆکەی ڤیدیۆ کلیپی خوشک چۆن دروست بوو؟

 

گۆران ئایار: بیرۆکەی ڤیدیۆ کلیپی خوشک بیرۆکەی خۆمە و هۆکاری دروستبوونی ئەم بیرۆکەیەش لەبەرئەوەی من خوشکم نییە ئەوە بۆشایی بوو لە ژیانی مندا و لە هونەری گۆرانی وتنیشتدا لەبەرئەوە تێکستی خوشکم هەڵبژارد و کردمە بەرهەمێکی هونەری.

 

بەرهەمی برادەر لە کاتێکدایە کە لە لاپەڕەی تایەتبەتت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستگرام و گلەیی لە بێ وەفایی برادەر دەکەیت، ئەمە پەیوەندی بەیەکەوە هەیە؟

 

گۆران ئایار: راستە هەندێ برادەر کە بێوەفابن حەقە گلەییان لێ بکرێت، بەرهەمی برادەر بۆ هەموو ئەو برادەر و هاوڕێ باشانە وتراوە کە مانای هاوڕێیەتی و برادەری دەزانن.

 

کار و پرۆژەی نوێت چییە لە داهاتوودا؟

 

گۆران ئایار: چەند کار و پرۆژەیەکم هەیە بەڵام لە ئێستادا دیارینەکراوە کە کام لەو بەرهەمانە زووتر ئامادەکاریان بۆ دەکرێت، لە کاتێکی گونجاودا ئاماژە بە بەرهەمی نوێم دەکەم، ئەگەر من بمەوێت کاری جیاواز و بەرهەمی گونجاو ئامادەبکەم پێویستم بە کات دەبێت و هەندێ جاریش لەوانەیە بەرهەمی کۆپی رایتم هەبێت.

 

پەیامی تۆ بۆ هونەرمەندانی هاوڕێت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەکو وەزارەتی ڕۆشنبیری چییە؟

 

گۆران ئایار: لە ئێستادا زۆر و بۆری هەیە لە بەرهەمی گۆرانیوتندا و پێویستە وەزارەتی ڕۆشنبیری چاودێری ئەو بەرهەمانە بکات و هونەرمەندانیش هەندێک خۆیان ماندوو بکەن لە هەڵبژاردنی تێکست و ئاوازی گونجاو بۆ کارە هونەرییەکان.