ئاری کوردی
13, نیسان 2019

ئەنفال بۆچی؟

لەم یادە دڵتەزێنەدا کە بیرکردنەوە لێی و تێڕوانین لە دڕندەییەی ئەو ستەمە گەورەیەی کە دەرهەق بە نەتەوەکەمان کرا ئەوەندە ئاسان نییە بتوانین بە هیچ ووشەیەك گوزارشتی لێبکەین و لە هیچ فەرهەنگێك دا بە دوای مانا دا بگەڕێین بۆی.

 

زیندەبەچاڵ کردنی ژیان و کوشتنی ئاواتی گەلێك لە پێناو ئازادی و شکۆی خاكەکەیدا بۆ خۆی دێڕێكە لە مانایەك کە کوردبوون چۆن بووە هەوێنی ترسی دوژمنانمان و ترسنۆکانە بێ سڵەمینەوە دەستیان بچێتە خوێنی گەلێك بە بەرچاوی جیهانەوە کە خاوەنی مەسەلەیەكە و قوربانی دانی ڕابردووی لە پێناو ناسنامە و خاك و ئاڵای خۆی هاوتەریب بە قوربانی دانی نەتەوەکانی جیهان دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ماف بۆ هەموو کەسێك یەکسانە و هەموو ئاینە ئاسمانییەکان لە لاپەڕە پیرۆزەکانیان بێ جیاوازی ئاماژەی پێدەکەن.

 

کاتێك بە ناوی ئاینەوە دێن بێ جیاوازی تەمەن و ڕەگەزەوە ماف بە لەناوبردنی نەتەوەیەکی بەش مەینەت دەدەن ڕاستییەك دەردەخات کە پێمان دەڵێت ئێمە جگە لە خوا و شاخەکان هیچ کەس و شتێك بە بەزەییەوە بوونمان بە ڕەوا نابینێت.

 

ئێمەی کورد ئیتر ناتوانین قوربانی بدەین و بەردەوام مێژووی پڕ لە نەهامەتی و ساڵیادی تاڵی جەرگ بڕ تۆماربکەین و یادی بکەینەوە.

 

ئیتر دەتوانین پەند وەربگرین لە دڕندەیی دوژمنانمان و قوربانی ڕابردوومان بکەیەنە هەوێنی هەوڵدان بۆ بونیاتنانی داهاتوویەکی پڕ لە سەروەری و ئاسۆیەکی ڕووناك بۆ گەلی خۆمان و نرخی مرۆڤ و شکۆیی لەبەردیدە بگرین و خۆشەویستی و ڕێز بۆ هەموو جیاوازییەکان دوپات بکەینەوە.

 

لەم یادە تاڵەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ قوربانیانمان دابنوێن و ڕق و کینە لە دڵمان هەڵکێشین و بیکەین بە چەپکە گوڵ بۆ سەر گڵکۆیی ئەوان.