ئەنفال… ستەمێک کە لە مرۆڤایەتی کرا

سی و یەک ساڵ بەسەر ئەنجامدانی تاوانی  ئەنفالدا تێدەپەڕێت کە تیدا ١٨٢ هەزار کەسی بێتاوانی مەدەنی کوژران و زیاتر لە چوار هەزار و ٣٠٠ گوند وێرانکرا.

ئەنفال تاوانێک بوو کە دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامدرا و ئەنجامدەرانی تاوانەکە بەبێ گوێدانە هیچ پێوەرێکی مرۆڤایەتی، ئەخلاقیی، یاسایی و ئاینی خەڵکی مەدەنی و ژن و پیاو و منداڵیان زیندەبەچاڵکرد.

ئەنفال بە ھەشت قۆناغ، کوشتنی ١٨٢ ھەزار كەس و ھەروەھا وێرانكردنی چوار ھەزار و ٣٠٠ گوندی لێكەوتەوە. ئەنفال پڕۆسەیەكی گشتگیربوو بۆ لەڕیشەوە ھەڵتەكاندنی نەتەوەی كورد، ئەو شاڵاوە لە ٩ی شوباتی ساڵی ١٩٨٨ دەستیپێكرد و لە ٦ی ئەیلولی ھەمان ساڵیش كۆتایی پێھات.

لە ھەرێمی كوردستان ھەموو ساڵێك بۆ ماوەی یەك خولەك و ٨ چركە ماتەمینی لە سەعات ٩ی رۆژی ١٤ی چوار دەستپێدەكات كە یەك خولەك بۆ یادی قڕكردنی ١٨٢ ھەزار كەس و ھەروەھا ٨ چركەكەش بۆ ئەو ھەشت قۆناغەیە كە ئەنفال كراون.

قۆناغی یەكەم، ٩ی شوبات تا ٢٣ی شوباتی ١٩٨٨ بوو لە ناوچەكانی سەرگەڵو و بەرگەڵو سنووری شارۆچكەی سوورداشی سەربە قەزای دوكان لە پارێزگای سلێمانی گرتووەتەوە.

قۆناغی دووەم، ٢٢ی شوبات تا یەكی نیسانی ١٩٨٨ ناوچەكانی قەرەداغی گرتووەتەوە.

قۆناغی سێیەم، حەوتی نیسان تا ٢٠ی نیسانی ١٩٨٨ ئەم قۆناغە ناوچەكانی گەرمیان لە سنووری پارێزگای كەركووك و سنووری شارەكانی”خوورماتوو، كەلار، كفری، دەربەندیخان، چەمچەماڵ و چەند شوێنێكی دیكەشی گرتەوە”، ئەم قۆناغە بە بەرفراوانی ئەو ناوچانەی گرتوویەتییەوە و زۆری قوربانی لەقۆناغەكانی تر جیاكراوەتەوە، ھەربۆیە ساڵیادی ئەو تاوانەش خراوەتە ئەم قۆناغە.

قۆناغی چوارەم، سێی ئایار تا ھەشتی ئایاری ١٩٨٨ ناوچەكانی دۆڵی زێی خوارووی گرتەوە كە ئاغجەلەر و گۆپتەپە و عەسكەر و ناوچەكانی شێخ بزێنی، كۆیە، خەلەكان، دوكان بوون.

قۆناغی پێنجەم و شەشەم و حەوتەم، پێنجی ئایار تا ٢٦ی ئایاری ١٩٨٨ ناوچەكانی بالیسان، شەقڵاوە، ھیران، نازەنین، سماقوڵی، دۆڵی ئالان، رواندوز، چۆمان، زنجیرە چیای قەندیل، رانیە، چوارقوڕنە، ھیزۆپ، چیای باواجی، بەشێك لە گوندەكانی كۆیە، دیبەگە، ئاڵتون كۆپری.

قۆناغی ھەشتەم، ٢٥ی ئاب تا ٦ی ئەیلوولی ١٩٨٨ ناوچەی بادینانی گرتەوە لە ئامێدی، دھۆك، زاخۆ، شێخان، ئاكرێ، بارزان.

كۆی پرۆسەكە زیانی زۆر گەورەی لێكەوتەوە لە سەروویاندا بێسەروشوێنكردن و زیندەبەچاڵكردنی ١٨٢ ھەزار كەس و رووخانی نزیكەی چوار ھەزار و ٣٠٠ گوند و گەیاندنی زیانی ملیارەھا دۆلار لە ئابووری ناوچە كوردییەكانی عێراق.

یادکردنه‌وه‌ى تاوانى ئه‌نفال له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى کوردستان، له‌کاتێکدایه‌ دۆزینه‌وه‌ى گۆڕى به‌کۆمه‌ڵى ئه‌نفالکراوه‌کان له‌ناوچه‌کانى عێراق به‌رده‌وامه‌، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ڕۆژی هه‌ینى گۆڕێکى ترى به‌کۆمه‌ڵى ئه‌نفالکراوه‌کان له‌بیابانه‌کانى سه‌ماوه‌ دۆزرایه‌وه‌.