عەلی حەمەساڵح: تا ئێستا بەغدا پارەی مووچەی نەناردووە

سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگەیاند تا ئێتسا هیچ بڕە پارەیەک لە بەغداوە نەنێردراوە بۆ هەرێم بۆ دابەشکردنی مووچە و ئاشکراشیکرد بڕیارە تا ١٧ی مانگ حکومەتی فیدراڵیی پارە بۆ هەرێم بنێرێت.

 

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ نووسینێكدا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك بڵاویكردووه‌ته‌وە نوسیویەتی “مانگی پێشوو 724 ملیار دینار له‌ به‌غداوه‌ هاتووه، ئه‌م مانگه‌ تا ئه‌م ساته‌ هیچ بڕێک نه‌هاتووه‌و بڕیاره‌ 17 مانگ بنێردرێت، ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ واژوی وه‌زیری داراییه‌و پێویسته‌ له‌ به‌غدا بێت، ئێستا له‌ له‌ندنه‌ بۆیه‌ پرۆسه‌که‌ به‌رده‌وام ده‌بێت”.

 

ناوبراو ڕوونیکردووەتەوە “بڕێکی زۆری پاره‌ی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان نادیاره‌، ئێستا هه‌رێمی کوردستان رۆژانه‌ 420 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌فرۆشێت، کۆی داهاتی مانگانه‌ی نه‌وت که‌ ده‌درێته‌ مووچه‌ 350 ملیار دیناره‌و به‌مه‌ش له‌ هه‌ر به‌رمیلێک هه‌رێم ته‌نیا 23 دۆلاری ده‌مێنێته‌وه‌ له‌ کاتێکدا نرخی به‌رمیلێک نه‌وتی برێنت 70 دۆلاره‌” .

 

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح ئاماژەی بەوەشکردووە “به‌بڕی 250 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌ی نرخی سۆمۆ له‌ پشکی هه‌رێم ببڕدرێت ئه‌مه‌ش زیانه‌ بۆ هه‌رێمی کوردستان، چونکه‌ نرخی فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم که‌متره‌ له‌ سۆمۆ”.

 

ئه‌وه‌شی نووسیووه‌ “کۆی داهاتی مانگانه‌ی نه‌وت و تێچوی به‌رهه‌مهێنان و هه‌ر خه‌رجیه‌ک هه‌یه‌، بخرێته‌ به‌رده‌ست په‌رله‌مان و دیوانی چاودێری دارایی “.

 

ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ نارەزایەتی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی کە دژی دواکەوتنی مووچەکانیان مانگرتنیان راگەیاند.