مسەتەفا ئەحمەد بەرهەمێکی هونەریی نوێی ئامادەیە

هەندێک بە وەستا عەلی دەیناسن و هەندێکیش بە خولە پیزە، بەردەوام وەک رەخنەگرێک دەردەکەوێت و لە چەندین کاری هونەریی جیاوازدا ڕۆڵی سەرەکیی بینیوە.

 

لە عەربەت لەدایکبووە و بۆ یەکەم جار لە ساڵی ۱۹۵۸ چۆتە سەر شانۆ و بەشداری چالاکی قوتابخانەکانی کردووە یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی تیپی پێشرەوی شانۆی کوردییە، گوڵەمێخەک بە خۆشەویستترین بەرهەم و بەرنامەی کەشکۆڵ بە باشترین کارەکانی خۆی دەزانێت.

 

مستەفا ئەحمەد هونەرمەندی دیاری کوردستان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ دیجیتاڵ مدیای هاوپەیمانی تیشکدەخاتە سەر قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی هونەریی.

 

 

مستەفا ئەحمەد هونەرمەندی بواری نواندن لەبارەی نوێترین کاری هونەری بۆ دیجیتاڵ میدیای هاوپەیمانی دواو وتی “بەشداریم کردووە لە درامای یوسف ناگەڕێتەوە کە بۆ مانگی رەمەزانی پیرۆز پێشکەش دەکرێت و من رۆڵی سەرەکی دەبینم ئەم درامایە لە نووسینی نووسەری بەناوبانگ عزیز نەسیمە”.

 

پێت وایە درامای یوسف ناگەڕێتەوە لەگەڵ ژیانی ئێستای ئەم کۆمەڵگەیە بگونجێت؟

 

مستەفا ئەحمەد :بەڵێ چونکە درامایەکی کۆمەڵایەتییە باس لە کەسایەتییەکی دڵپاک و باش دەکات کە دەوروبەرەکەی کەسانی خراپن و غەدری لێ دەکەن و گومانی پێ دەبەن و هەر کارێکی باش دەکات پێچەوانە دەبێتەوە.

 

حەزدەکەی بە ناوی وەستا عەلی بانگ بکرێیت یان بە ناوی فەرمی خۆت؟

 

مستەفا ئەحمەد :لە شارەکانی هەولێر و کەرکوک و دهۆک هەر بە وەستا عەلی بانگم دەکەن من لە کارەکانمدا ڕۆڵی مامۆستا عەول و وەستا عەلی و خولە چەخماخە و خولە پیزەم بینووە، هەموو ئەم ناوانە خۆشەویستن لەلام و بەلامەوە ئاساییە کە بە هەریەکێک لەم ناوانە بانگ بکرێم.

 

لە هەردوو بەرنامەی رەخنە ئامێزی کەشکۆڵ و بەرنامەی بەرنامە بەشداربووی، لەلای مستەفا ئەحمەد کامیان پەسەندترو باشتربوو؟

 

مستەفا ئەحمەد: ئەو بەرهەمانە وەک ئەوە وایە دایک و باوکێک چەند منداڵێکیان هەبێت کە هەموویان خۆشەویستن بەڵام خۆشەویستر هەیە بە نسەبەت منەوە کەشکۆڵ باشتر بوو چونکە ئەوکاتە هەرچەند تەکنەلۆژیا پێشکەوتوو نەبوو بەڵام خەڵکەکەی فێری ئەوەکرد کەوا گوێ لە ڕەخنە بگرن.

 

کام بەرهەمە هونەرییە تۆی بەخەڵک ناساند؟

 

مستەفا ئەحمەد: لەساڵی ۱۹۷۲-۱۹۷۳ لە درامای لانەوازان بەشداریم کرد کە ڕۆڵی “وەستا عەلی”م دەبینی ئەوە منی بەخەڵک ناساند بەڵام لەساڵی هەشتاکان بەرهەمێکمان هەبوو بە ناوی گوڵە مێخەک ئەوە یەکێکە لە خۆشەویسترین کارەکانم چونکە چیرۆکەکەی باسی هەموو چین و تۆێژەکانی کۆمەڵگای دەکرد.

 

بە گوێرەی ئەزموونت لە کاری هونەری پێتوایە هونەری کوردی گەیشتۆتە چ ئاستێک؟

 

ئەتوانم بڵێم هونەری کوردی پێش ڕاپەرین زۆر بە پێز و جوانتر بوو هەرچەندە ئێمە نیزامێکی فاشینزم حوکمی دەکردین بەڵام دەتوانم بڵێم ئەو کاتە هونەر باشتربوو چونکە حوکمڕانەکانی خۆمان بایەخ نادەن بە کاری هونەری هەرچەند گرنگی بدرێت بە هونەری کوردی هێشتا کەمە چونکە هونەر پەیامێکە دەتوانێت کلتوری نەتەوەکەمان بە جیهان بناسێنێت.

 

سازکردنی: شەنگار لوقمان