ئێزدیەکان یادی هاتنە سەرزەویی مەلیک تاوس دەکەنەوە

ئزدییەکان لە جیهاندا جەژنی “چوارشەممە سورە” دەگێڕن و یادی هاتنە سەر زەویی مەلیک تاوس دەکەنەوە و پێیان وایە ئەو “فریشتە”یە لەگەڵ خۆیی سەوزایی هێناوەتە سەر زەویی.

 

بەگوێرەی رۆژمێری خۆرهەڵاتیی، ئێزدییەکان یەکەم چوارشەممەی مانگی نیسان لە سەرتاسەری جیهاندا جەژن دەگێڕن و بەو بۆنەیەوە چەندین مەراسیمی جیاواز سازدەکەن.

 

لە باوەڕی ئیزدییاندا ئەو ڕۆژە سەرەتای ساڵی نوێیە و لەو ڕێکەوتەدا “فریشتەی مەلیک تاوس” هاتووەتە سەر زەوی.

 

شەوانی سێ شەممە لە مەزارگە ئاینییەكانی ئێزدییەكاندا، بەتایبەتی پەرستگای لالش، مۆم دادەگیرسێنن، یەكێك لە سروتەكانی ئەو جەژنە بریتییە لە رەنگكردنی هێلكەی كۆڵاو بەڕێژەیەكی زۆر، ئامادەكردنی نان بە رۆن و كونجی، كە دواتر بەسەر فەقیر و هەژاراندا دابەشدەكرێت، پێشكەشكركردنی قوربانیی.

چەند ساڵێکە ئێزدییەکان بەهۆی ئەو ستەمەی لێیانکراوە نەیانتوانیوە وەکو پێویست ئەو یادە بکەنەوە و بەشێکی زۆریان لە کەمپەکان و لە ئاوارەییدا جەژنەکە بەسەردەبەن.

 

ئەو ستەمە یەکلەدوای یەکانەی کە ئزدییەکان کراوە بەهۆی قبوڵنەکردنی جیاوازییەکانەوە بووە و زۆرجار ئەوان وەک کەمینەیەکی ئاینیی بوونەتە قوربانیی خواستی زۆرینە و توندڕەویی بیروبۆچوونی ئەوانەی کە ستەمیانکردووە.