ڕەخنە و ڕەخنە لەخۆگرتن لە دیدی هاوپەیمانیدا

هه‌ڵه،‌ یان كه‌م و كورتی ، تاده‌گاته‌ لادان و پێشێلكاری، ئه‌گه‌رێكی چاوه‌ڕوانكراوی خودی مرۆڤ و كاره‌كانیه‌تی.

 

ئه‌گه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیدا گله‌یی و واته‌واتی لێبكه‌وێته‌وه‌، ئه‌وا له‌ ژینگه‌ی سیاسی‌دا ڕه‌خنه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێت، بۆیه‌ هاوپەیمانی دەیەوێت مەسەلەی گلەیی و واتەوات و نیگه‌رانیه‌كان بگۆڕێت بۆ ڕەخنە، چونكه‌ دیارده‌ى گله‌یى و نیگه‌رانى ده‌كرێت له‌چوارچێوه‌یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تیدا خوازرا و سروشتى بێت، به‌ڵام له‌ژینگه‌ى سیاسیدا ده‌بێت ڕه‌خنه‌ به‌رهه‌م بهێنرێت هاوپەیمانی ڕەخنە وەک نەریتێکی گرنگ دەبینێت بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکان و پابەندکردنی ئۆرگانەکان بە ڕێگای ڕاست و دروستی کارکردن. سه‌ره‌تا پێویستە زۆر له‌وه‌ دڵنیابین كه‌ سیاسەتكردن بەبێ ئاکارى سیاسى، كاره‌ساتباره‌ و ماڵوێرانى لێده‌كه‌وێته‌وه‌ و ناكۆكی و قووڵبوونەوەى کێشەكانی لێدروست دەبێت، بۆیە ئێمە لەهاوپەیمانی ده‌مانه‌وێت کاری سیاسی ئاوێتەی ئاکاری سیاسی بكه‌ین، كاربۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین ئەو ئاکارە سیاسیه‌ لەناوخۆماندا ڕەنگبداتەوە، کە گرنگترین بنەماکانی دوورکەوتنەوەیە لە سووکایەتیپێکردن و تێکشکاندنی مرۆڤ بەناوی ڕەخنەگرتنەوە.

 

بێگومان ڕەخنە بۆ ئەوەی جێی خۆی بگرێت و له‌بری زیانگه‌یاندن بكرێته‌ هۆكارێك بۆ تۆكمه‌كردن و به‌ره‌و پێشبردنی كاره‌كان، پێویسته‌ بنەمای دروستی بۆ دابڕێژرێت، کە خاڵی سەرەکیی ئەو بنەمایانە بەسیستمکردنی ڕەخنەیە.

 

هاوپەیمانیی نیشتمانی له‌م بواره‌دا ئەرکی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن و لێپرسینەوەی به ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران سپاردووه‌ به‌تایبه‌ت‌ كۆمسیۆنی (سکاڵا و ماف) له‌ئەگەری هەر پێشێلکاری و زیادەڕەوی و کەمتەرخەمییەک کەڕووبدات ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ مافى خۆیه‌تى لێپێچینه‌وه‌ و به‌دواداچون بكات، وه‌ هەموو هاودیدێکیش مافی به‌رزكردنه‌وه‌ی سكاڵای هه‌یه‌ بۆ كۆمسیۆنه‌كان، بۆیه‌ له‌هاوپه‌یمانیدا هه‌رجۆره‌ یه‌كترشكاندن و ناوزڕاندنێك له‌نێوان هاودیدان و ئۆرگانه‌كاندا له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ڕێكاره‌‌ پێشێلكارییه‌ له‌پرنسیپه‌كانى هاوپه‌یمانى‌ و لێپرسینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت.

 

ئەم هەوڵەی هاوپەیمانی بۆ بەسیستمکردنی ڕەخنە، بۆ ئەوەیە کە سەرەتا گلەییە پەرش و بڵاوەکان بگۆڕین بۆ ڕەخنەی زانستی و پشت به‌ستو به‌ زانیاری ڕاست و دروست، دواتر ڕەخنەکان بكرێنه‌ ڕێنما بۆ دۆزینەوەی چارەسەرو ڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كان و پڕكردنه‌وه‌ی كه‌موكورتیه‌كان وخۆبەهێزکردن.

 

به‌ سیستمكردنى ڕه‌خنه‌ش ئه‌ركى ئۆرگان و هاودیدانه‌، كه‌ پێویسته‌ هه‌ردوولا هه‌وڵى تێپه‌ڕاندنى گله‌یى و نیگه‌رانیه‌كان بكه‌ن و له‌سه‌ر به‌سیستمكردنى ڕه‌خنه‌ داكۆكى بكه‌ن تا بتوانرێت هاوپه‌یمانیى ببێته‌ قه‌واره‌یه‌كى نمونه‌یى و پێشكه‌وتوو له‌كارى سیاسى و ئازادى ڕاده‌ربڕین بۆ هاودیدانى.

 

پێویسته‌ هاویدادان ڕه‌خنه‌ و تێبینیه‌كانى خۆیان ئاڕاسته‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بكه‌ن، كه‌ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ به‌رپرسه‌ له‌و ئه‌ركه‌ و كارى سه‌ره‌كى ئه‌نجومه‌ن بریتیه‌ له‌ گۆڕینى ڕه‌خنه‌ به‌ چاره‌سه‌ر و هۆكارێك بۆ پێشخستنى كاروباره‌كانى نێوخۆی هاوپه‌یمانى له‌هه‌مانكاتدا كۆمسیۆنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ئه‌ركى سه‌رشانیانه‌ كه‌ به‌دواداچون بۆ كه‌موكورتى و ڕخنه‌ و تێبینیه‌كان بكه‌ن تابه‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ بتوانرێت چاره‌سه‌ر بۆ ڕه‌خنه‌ و كه‌موكورتییه‌كان دابنرێت.

 

به‌هیوای كارێكی تۆكمه‌ و نه‌ریتێكی جوانی كاری سیاسی.