دامەزراوەی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

ڕونکردنەوەیەک لە دامەزراوەی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانییەوە:

 

ئەمڕۆ ٢٣-٤-٢٠١٩ سایتی خەڵک هەواڵێکی لەسەر دەستلەکارکێشانەوە و نیگەرانیی هاودیدانی هاوپەیمانی بڵاوکردەوە، ئێمە لە دامەزراوەی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی ئەو زانیارییانە ڕەتدەکەینەوە کە لە هەواڵەکەیاندا هاتووە و پێمان وایە هەوڵێکی چەواشەکارانەو دوور لە هەستی بەرپرسیارێتیی ڕۆژنامەوانییە.

 

بە داخەوە ڕۆژێک دوای یادی ١٢١ هەمین ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردی دەزگایەکی میدیایی هەواڵێکی لەوجۆرە بڵاودەکاتەوە کە زانیارییەکانی دورن لەڕاستییەوە.

 

 

لە بەشێکی هەواڵەکەدا باس لە ناڕوونیی سیاسەتی هاوپەیمانی کراوە سەبارەت بە ئۆپۆزسیۆن بوون یان چوونە دەسەڵاتەوە، ئێمە لە چەند بۆنەیەکدا بەڕوونی ڕامان گەیاندوە لەبەر ئەوەی لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوی پەرلەمانی کوردستان بەشدار نەبوین، بۆیە بەشداری کردن و نەکردن نەبوەتە ئەگەر لە بەردەمماندا، بۆیە نەدەبوو بەوجۆرە ئەو هەڵەیە تێپەربێت بەسەر ئەو دەزگایەدا.

 

 

سەبارەت بە ناڕەزایی هاودیدانی بادینان، ئێمە لەسەرەتای دروستبوونمانەوە ڕامانگەیاندووە بادینان دەڤەرێکی گەورە و بەبایەخە و خاوەنی پێگەیەیەکی تایبەتە لە دیدی هاوپەیمانییەوە، ڕۆژی ٢٠ی نیسان کۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی سیاسی و ئەنجومەنی نوێنەرانی هاوپەیمانی لە دەڤەری بادینان ئەنجامدراوە و هیچ پەیوەندی بە نیگەرانی هاودیدانی ئەودەڤەرەوە نەبووە وەک لە هەواڵەکەدا هاتووە، ئەمەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە هاوپەیمانی پێیوایە پێویستە بەبێ دابڕان لەگەڵ سەرجەم جومگەکانی لە پەیوەندیدا بێت و تەنها یەک دەڤەر و ناوچە وەک سەنتەر سەیرنەکرێت بۆ کۆبونەوە و پەیوەندییەکانی، لەم پنتەشەوە گوێگرتن لە هاودیدان و بایەخدان بە بۆچونەکانیان یەکێکە لە بنەماکانی کاری هاوپەیمانی بۆ ئەوەی مۆدێلێکی نوێ بێتە ئاراوە کەسەرکردە لە جێگەیەکدا نەبێت و ئەوانی تریش لە پەراوێزیدا بسووڕێنەوە.

 

 

دووبارە ڕایدەگەیەنین بۆ هەموولایەک کە ئەو هەواڵەی سایتی خەڵک دوورە لە ڕاستیەوە و هیچ بنەمایەکی دروستی نییە.

 

دامەزراوەی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی نیشتمانی.

 

٢٣-٤-٢٠١٩