بەكارهێنانی  زەرفی نایلۆن قەدەغە دەكرێت.

قائیمقامیەتی سلێمانی لە چەند رۆژی رابردوودا  بڕیاری دا “زەرفی كاغەز لەبری زەرفی نایلۆن” لە نانەواخانەو سەمونخانەكاندا بەكاربهێندرێت و لیژنەیەكیشی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە پێكهێنا و  ئەركی لیژنەكە بەدواداچون و ئاگاداركردنەوەی هەموو سەمونخانەو نانەواخانەكان دەبێت بۆ پابەندبونیان بە بڕیارەكەوە ,

گۆران قادر سەرۆكی لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لیژنەكە دەستی بەكارەكانی كرووە و رۆژانە سەردانی سەمونخانەو نانەواخانەكانی سلێمانی دەكات و دوای روونكردنەوەی هۆكاری بڕیارەكەی قائیقامیەتی سلێمانی پابەندیان دەكات بە جێبەجێكردنی بڕیاری  بەكارهێنانی “زەرفی كاغەز لەبری زەرفی نایلۆن” ئەوەش لەپێناو پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیانە ,

گۆران قادر باسی لەوەش كرد  بەپێی ئەو بەدواداچون و توێژینەوەدانەی كە كراوە و بۆچونی پسپۆڕانی تەندروستیش وەرگیراوە دەركەوتووە بەكارهێنانی زەرفی نایلۆن بۆ “سەمون و نانی گەرم” دەبێتە هۆی كارلێكردنی هەندێك مادەی زیان بەخش كە زیان بەتەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت, سەرۆكی لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامەیەتی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو : بۆ پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان قائیقامیەتی سلێمانی بڕیاری قەدەغەكردنی زەرفی نایلۆنی داوە و بڕیارەكەش لەلایەن لیژنەهاوبەشەكانەوە جێبەجێ دەكرێت .