لووتکەی یەکێتیی ئەوروپا لە شاری سیبیوی رۆمانیا دەبەسترێت.

بە ناونیشانی (هێز لە یەکبوندایە) لووتکەی یەکێتیی ئەوروپا لە شاری سیبیوی رۆمانیا دەبەسترێت.

ئەم لووتکەیە لەكاتێكدایە نزیكەی دوو هەفتەی ماوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا، کە لە لووتکەکەدا سەرکردەکانی ئەوروپا نەخشەڕێگە بۆ پێنج ساڵی داهاتووی یەکێتییەکە دادەنێن.

یان کلۆد یونکەر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، کار لەسەر بەهێزکردنی رێکخراوە ئەوروپییەکە دەکەن، بۆ ئەمەش نەخشەرێگەیەکمان داڕشتووە ویەکەم هەنگاویش بۆ ئەو کارە بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەستپێدەکەین.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ئەوەشی خستەڕوو “لە چەند هەفتەی داهاتوودا هەڵبژاردنەکانی ئەوروپا بەڕێوەدەچن، كە گەورەترین هەڵبژاردنی نێوخۆیی ئەوروپایە بەراورد بە جیهان.

ئەم لوتكەیە پێنج سالێك جارێك  ئەنجام دەدرێت و سەرۆكی وڵاتانی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا تیایدا بەشدار دەبن،  لووتکەی ئەمجارەی یەکێتی ئەوروپا بە سایبیوش دەناسرێت؛ کارەکانی ئەم لووتکەیە بۆ نوێکردنەوەی ئەجێندای یەکێتیی ئەوروپا، دانانی نەخشەڕێگەی 5 ساڵی داهاتوو، دیاریکردنی کێشەی دانیشتووانی وڵاتانی ئەندامی رێکخراوەکە و دانانی میکانیزم بۆ چارەسەرکردنییان دەبێت.

نەخشەرێگەو ئەجێندای  پێنج ساڵی رابردوو لە 2014 داڕێژرا و، بڕیارە ئەمجارە تا 2024 کاری پێدەکرێت.