کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان

ئومێد جاف

پەرلەمانی کوردستان یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرکایەتی هەرێمی دەرچواندو راستەخۆ یاساکەی خستەبوواری جێبەجێکردنەوە.
بریارو خواستی زۆرینەی پەرلەمانتاران کە نوێنەرایەتی گەل دەکەن لە فرکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمان جێگەی دەستخۆشیە بۆکاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم. بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان سەرۆکێکی هەبێ، لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە نوێنەرایەتی هاووڵاتیانی کوردستان بکات و بەناویانەوە بدوێت و هەماهەنگی لەنێوان دەسەڵاتەکانی فیدراڵ و هەرێم بکات، لە پێناو تێپەراندنی ئەم قۆناغە چەقبەستوویەی کە چەند ساڵێکە هەرێمی پێدا تێپەردەبێت.
بۆ بەردەوامی و راگرتنی هاوسەنگی و بەرەوپێش بردنی پەیوەندیەکان و هەماهەنگی نێوان دەسەڵاتە فیدراڵیەکان و هەرێمیەکان، پێویستە بنەما گشتیەکانی دەستوری هەمیشەی عێراق لەبەرچاوبگیرێت، کەتێدا سەروەری بۆ یاسایە، گەل سەرچاوەی دەسەڵات و شەرعیەتدانە لەرێگەی نوێنەرەکانیان بەپێدانی متمانە بەرێگەی دەنگدانی ڕاستەوخۆو نهێنی؟ لەسیستەمی پێدانی متمانە لەناو هۆڵی پەرلەمان پێویست بوو دەسەڵاتەکان هاوشێوەی سەرۆکی دەوڵەتی فیدرڵ پرۆتۆکۆلی و تشریفاتی بێت. پەرلەمانی کوردستان خاوەنی دەسەڵات و سەروەریە، ناگونجێت متمانە ببەخشێت و ماف و دەسەڵاتی لێپێچێنەوەی نەبێ…
خوازیارین رەوتی دیموکراتی هەرێم زیاتر بچەسپێت و پەرلەمانی کوردستان لەم خولەدا رەشنووسی دەستوری هەرێم دەچوێنێ و دەنگدەرانی هەرێم لە ریفراندۆمێکدا متمانە بەماددەکانی بدەن. کە تێدا سەربەخۆیی دەسەلاتەکان فەراهەم ببێ و ستراتیجی سیاسی رون و ئاشکرای هەرێم لەگەڵ سنوری ماف و ئازادی هاوڵاتی بوون هاوتای ئەرک و بەرپرسیاریەتیەکان جێگیربکرێت. خەڵکی هەرێم ببنە خاوەن مافی راستەقینەی چالاکی سیاسی و بریاری سیاسی لە دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات.