ئه‌ندامه‌ كورده‌كانى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق: به‌رپرسانى عێراق ناتوانن بودجه‌ هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌

هاوپه‌یمانى _ به‌غداد

ئه‌ندامه‌ كورده‌كانى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق ڕاگه‌یه‌نراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن “كه‌س ناتوانێت بودجه‌ى عێراق هه‌ڵوه‌شنێته‌وه‌”.

 

ئه‌و ئه‌ندامه‌ كوردانه‌ى لیژنه‌ى دارایى ئه‌وه‌ش ده‌ڵێن “هاووڵاتیان و فەرمانبەرانی هەرێم دڵنیا دەکەینەوە لەوەی هەڵوەشاندنەوەی یاسای بودجە لە دەسەڵاتی هیچ بەرپرسێکی عێراقدا نییە بە وەزیری نەوتیشەوە”.

 

دەقی روونکردنەوەکە:

روونکردنەوەیەک بۆ جەماوەری خەڵکی کوردستان

دوای هەوڵ و ماندوبونی بێوچانی ئەندامە کوردەکانی لیژنەی دارایی پشکی هەرێمی کوردستان چەسپێنراوە لە یاسای بودجەی ساڵی 2019، لەوەش گرنگتر ئەوەیە: مووچەی فەرمانبەران جیاکرایەوە لە پابەندبوونی هەرێم بە رادەستکردنی نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ، ئەوەش گەرەنتی ئەوەی زامن کردووە کە هیچ کەسێک نەتوانیت ئەو یاسایەی پشکی هەرێمی کوردستانی تیدا جێگیرکراوە و، مووچەی فەرمانبەرانی تیدا چەسپاوە، هەڵوەشێنێتەوە.

هاووڵاتیان و فەرمانبەرانی هەرێم دڵنیا دەکەینەوە لەوەی هەڵوەشاندنەوەی یاسای بودجە لە دەسەڵاتی هیچ بەرپرسێکی عێراقدا نییە بە وەزیری نەوتیشەوە، کە لەم رۆژانەدا لێدوانی داوە و ئەوەی لێ خوێنراوەتەوە: ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت بغداش پابەند نابیت بە ناردنی پشکی هەرێم. ئەگەر ئەم لێدوانەی وەزیری نەوت راست بێت بۆ پشکی هەرێم یا بۆ ئەو رێژەی زیانەی بەرامبەر 250 هەزار بەرمیلەکە دەبڕدرێت، ئەوا بەهیچ شێوەیەک راست نییە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بە هەمووان رادەگەیەنین و دڵنیاتان دەکەینەوە، نوێنەرەکاتان لە لیژنەی دارایی مکوڕن لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

ئێمە کە داکۆکیکاری مووچەی فەرمانبەرانین، بەهیچ جۆرێک داکۆکی لە ناشەفافیەتی مەلەفی نەوتی هەرێم ناکەین و کاردەکەین بۆ ئەوەی ئەو مەلەفە بە یەکجاری چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە و چیتر نەبێتە مایەی کێشە و گرفت بۆ هاونیشتمانییانی هەرێم.

سەرکەوتووبن.

هۆشیار عەبدوڵڵا
د جمال کوچەر
شیروان میرزا قادر
احمدی حاجی رەشید

۱۱ ی ئایاری ۲٠۱۹