یەکێک لە سێ کەسە بریندارەکەی هەڵەبجە گیانی لەدەستدا

دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ، لە پارێزگای هەڵەبجە، گولە هاوەنێك بەسێ كەسدا تەقیەوە، یەكێك لە پێشمەرگە بریندارەكان گیانی لەدەستدا.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی پێشمەرگەکە راگەیاند، بەهۆی سەختی برینەكەیەوە، یەكێك لەو پێشمەرگانەی ئێوارەی ئەمڕۆ بە گولە هاوەنەكە برینداربو، گیانی لەدەستداوە.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی، ئەو پێشمەرگەیەی گیانی لەدەستداوە ناوی سەنگەر بوە و تەمەنی 30 ساڵ بوە.

پێشتر، رائید بەرزان عوسمان وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە لە ناوچەی حەمەوخان، دوای ئەوەی سێ كەس دەستكاری گولە هاوەنێك دەكەن، پیایاندا دەتەقێتەوە و بەو هۆیەوە بەسەختی برینداردەبن.

وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە وتیشی، ئەو كەسانە دوانیان پێشمەرگە و یەکێکیان كاسبکارە، دوای روداوەكە رەوانەی نەخۆشخانەی فراكەوتنی سلێمانی كراون.

لەبارەی ناسنامەی كەسەكانەوە، بەرزان عوسمان رایگەیاند،”كاسبەكە ناوی (د. ن. ع) لەدایکبوی 1991ەو دانیشتوی گەڕەکی مەرزەبۆتۆی هەڵەبجەیە و)س. ن. ح) لەدایکبوی 1989 دانیشتوی گەڕەکی مەرزەبۆتۆی هەڵەبجەیە و پێشمەرگەیەو، (ک. و. ح) لەدایکبوی1991 دانیشتوی گەڕەکی فەرمانبەرانی هەڵەبجەیە کە پیشەی پێشمەرگەیە.

وتەبێژەکەی پۆلیس ئاماژەی بەوەشكرد كە دەستیان کردوە بە لێكۆڵینەوە لە روداوەكە.