ڕۆحانی: ئێران لە ژێر فشارێکی زۆردایە

حەسەن ڕۆحانی ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەكەی لەژێر گوشارێكی زۆردایە كە لە مێژوودا وڵاتی ئێران بەخۆیەوە نەبینیوە.

تادێت ئەمریکا گوشارەكانی لەسەر كۆماری ئیسلامیی ئێران توندتر دەكات، حەسەن ڕوحانی لەپێناو تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە داوای یەكڕیزیی نێوان ڕەوتە سیاسییەكانی كرد و باسی لەوە کرد بارودۆخەکە هێندە قورسە ناکرێت لەگەڵ سەردەمی جەنگی ئێران-عیراقیش بەراورد بکرێت.

سەرۆکی ئێران ئاماژەی بەوەدا: لە سەردەمی جەنگی ئێران-عیراقدا تەنها سزای كڕینی چەكمان لەسەر بوو نە كێشەی فرۆشتنی نەوتمان ھەبوو نە كێشەی بانكیمان ھەبوو ، بەڵام ئێستا لەژێر گوشارێكی گەورەداین كە لە مێژووی شۆڕشی ئیسلامیی ئێراندا وێنەی نەبووە.