ئێران دەیەوێت لە عێراقەوە شەری ئەمریکا دەست پێبکات و ئەمریکاش یەکەم ئامانجی لە عێراقەوە دەپێکێت

سەركردەیەكی هۆزە عەرەبییەكانی پارێزگەی نەینەوا ئاشكرای دەكات “كۆماری ئیسلامی ئێران، مووشەكی بالیستی ڕادەستی میلشیاكانی حەشدی شەعبی كردووە، بۆ ئەوەی سەربازگەو سەربازەكانی ئەمریكا بكەنە ئامانج”.

مەزاحم حەویت، وتەبێژی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە جێناكۆكەكانی عیراق لە لێدوانێكیدا ڕاگەیاندووە “زانیاریی ورد و پشتڕاستكراومان پێگەیشتووە، بەوەی ئێران ئەو چەكانەی بە میلشیاكانی حەشدی شەعبی داوە، ئەو مووشەكانەش بالیستی و ستراتیژین”.

ڕاشیگەیاند “ئێمە هۆشدارییمان داوەتە ڕۆڵەی هۆزە عەرەبییەكان لە بارەگاو شوێنی گرووپەكانی میلشیاكان دوور بكەونەوە، چونكە زانیارییمان هەیە لەلایەن ئەمریكاییەكانەوە دەكرێنە ئامانج”.

ناوبراو ئاشكراشیكرد “ئەمڕۆ جەنگێك لەنێوان ئەمریكاو ئێران دەبینین و، عیراقیش بەشێك دەبێت لەو جەنگە، چونكە ئێران ئامانجی لە ڕادەستكردنی ئەو مووشەكانە بەمیلشیاكان بۆ لێدانی هێزە ئەمەریكایی و سەربازگەو فڕۆكەكان و كاروانەكانیەتی، بۆ ئەوەی فشارە ئەمریكاییەكان لەسەر ئێران كەم بكەنەوە لەگەڵ شكاندن و لاوازكردنی پێگەی ئەمریكا لە عیراق”.

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو “ئێمەو ئەمریكاییەكانیش زانیاریمان لایە بەوەی ئەو گرووپانە مووشەكی بالیستیان لە بارەگاكانیان جێگیر كردووە”.
حەویت زانیاریی زیاتری لەبارەی هێزەكانی ئەمریكاش خستەڕوو، بەوەی “ژمارەی ئەو هێزانە لە سەرووی ١٠٠ هەزار سەرباز دەبن، هەمووشیان لەنێو سەربازگە عیراقییەكانەوە بە هەموو جبەخانەیەكەوە جێگیر كراون”.

دەشڵێت “پێشبینی دەكەین، جەنگی دژی ئێران لە سێ قۆڵەوە بێت، زەمینی، دەریایی و ئاسمانی، هێرشە زەمینییەكەش لەخاكی عیراقەوە دەبێت، ئەگەری ئەوەش هەیە وڵاتانی دیكەش دژی تاران بەشداریی بكەن، بەڵام عیراق بەشێكە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە زەمینییەكەی هێزە ئەمریكاییەكان و لە وڵاتەكەمانەوە هێرش دەكرێتە نێو قوڵایی خاكی ئێران”.

ماوەی چەند ڕۆژێکە هەڕەشەکانی ئەمریکاو ئێران توندتر بون و جیهان چاوەڕێی پێکدادانی ئەو دو وڵاتە دەکات لەسەر کێشە کەڵەکە بوەکانی نێوانیان.