كچێك به‌ده‌ستى براكه‌ى كوژرا

لە چوارقوڕنە کچێکی تەمەن 13 ساڵ بەهۆی بەرکەوتنی گولله‌ گیانی لەدەستدا، کەسوکارەکەیشی دەڵێن ”به‌ئه‌نقه‌ست نه‌بووه‌”.

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین ڕایگه‌یاند “شەوی 13/12 مایسى 2019 تەرمی کچێکی تەمەن 13 ساڵ بەناوی (هـ.د) دانیشتووی گوندی قەمتەرانی سەر بە شارۆچکەی چوارقوڕنە هێنرایە نەخۆشخانەی گشتی رانیە کە شوێنەواری گولله‌ بە جەستەیەوە دیاربوو، تەرمەکەی گواسترایەوە پزیشکی دادوەری رانیە و دوای ئەنجامدانی توێکاری بۆ تەرمەکەی، رادەستی کەسوکاری کرایەوە”.

 

پۆلیسی راپەڕین له‌زارى كه‌سوكاره‌كه‌یه‌و ئاماژە بەوەش دەکات ”رووداوەکە لەکاتێکدا بووە کە براکەی بەناوی (م،د) تەمەن 10 ساڵ لە ماڵی خۆیان لە گوندی قەمتەران دەستکاری چەکی جۆری EM4 ی کردووە و لەوکاتەشدا گولله‌ لە چەکەکە دەرچووە و بەر خوشکەکەی کەوتووە و بەم هۆیەوە گیانی لە دەستداوە”.

 

کچەکە پۆلی هەشتی بنەڕەتی بووە لە قوتابخانەی قەمتەرانی بنەڕەتی تێکەڵاو، به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كان پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە