سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پۆستەکەی دوور دەخرێتەوە

هاوپەیمانێتی میحوەری وەتەنی، بریاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی  و ژمارەیەک ئەندامی دیکەی هاوپەیمانیەتیەکە.

لە راگەیەندرواێکیدا کە لەلایەن نوسینگەی هاوپەیمانیەتی میحوەری وەتەنیەوە بڵاوکراوەتەوە، هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی حەلبوسی و ئەو ئەندامانەی دیکە بە پاساوی  ئەوەیە کە”كاریان كردوە بۆ لەتكردنی كوتلەكەیان لە ئەنجومەنی نوێنەران”.

سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی حەلبوسی، کە ئێستا سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە ئاماژە بەوەدراوە لە هەنگاوی داهاتویاندا هەوڵدەدەن کەسێکی دیکە لە جێگەی ناوبراو دەستنیشان بکەن بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان کە” هاوسەنگی زیاتری تێدابێت، بۆ سەركردایەتیكردنی دەسەڵاتی یاسادانان”.

هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکە “ئەو ئەندامانە پابەندی ئەو مەرجانە نەبوون كە پێشتر لەلایەن هاوپەیمانێتییەكەیانەوە  بۆیان دیاریكراوە”.

چەند ڕۆژێک لەمەو پێش لە میدیاکان بڵاو بوەوە کە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە هەوڵی دروستکردنی حزبێکی نوێدایەو ژمارەیەکی زۆر پەرلەمانتار پشتگیری خۆیان بۆی دەربڕیوە بۆ کار کردن لە حزبەکەیدا.