قەرزەکانی سەر هەرێم ڕولەکەم بونە

کۆمپانیای رۆسنەفتی روسی ئاشکرایکرد، قەرزەکانی کۆمپانیاکە لەسەر حکومەتی ھەرێم لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا، بۆ نزیکەی نیوە کەمیکردووە.
کۆمپانیاکە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا قەرزەکانیان لەسەر حکومەتی ھەرێم بۆ یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار کەمیکردووە.
ئەو ڕاگەیەنراوە دواى ئەوە دێت لە ٣١ی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا، حکومەتی ھەرێم بە بڕی سێ ملیار دۆلار قەرزداری کۆمپانیاکە بوو.
کۆمپانیای رۆسنەفتی روسی ڕوونیشیکردووەتەوە، داھاتی کۆمپانیاکە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا زیادی کردووە، ھۆکاری ئەوەشی بۆ بەرزبوونەوەی بەرھەمھێنانی نەوت لە کێڵگە نوێیە نەوتییەکان و سەقامگیری بازاڕی دراوەکان گەڕاندووەتەوە.
لە کۆڕبەندی ساڵانەی ئابوری سان بتروسبۆرگ کە ٢٥ ی ئایاری ساڵی ڕابردوو لە ڕوسیا بەڕێوەچوو، نوێنەرانی حکومەتی ھەرێم و کۆمپانیای ڕوسنەفت ڕێککەوتنێکی نوێیان بۆ پێشخستنی ژێرخانی غازی سروشتی لە ھەرێمی کوردستان واژۆکرد کە بە ٣ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.