پەرلەمان دەرگای خۆ کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمى داخست

دوای بەردەوامی بۆ ماوەی سێ ڕۆژی تەواو، بە فەرمی دەرگای خۆکاندید کردن بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەلایەن پەرلەمانەوە درا.
 کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥-٥-٢٠١٩، بە فەرمی دەرگای خۆکاندیدکردن داخراوە. لەو ماوەیەشدا ٧ کەس خۆیان کاندید کردووە و بە فەرمی سیڤیی پێنج کەسیان گەیشتووەتە دەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان.
بەپێی ڕێکارەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم، دوای دوو ڕۆژ، ناوی کاندیدە پەسەندکراوەکان ئاشکرا دەکرێت و ئەو دوو ڕۆژەش ماوەی تانە لێدانە لەو کەسانەی کە کاندید کراون، دواتر دادگای تێهەڵچوونەوە وەڵامی تانەکان دەداتەوە.
هەر بەپێی ڕێکارەکان، پاش کۆتاییهاتنی بابەتی تانەکان، لە ماوەی سێ ڕۆژدا پەرلەمانی کوردستان وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاری دەکات.
لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە نێچیرڤان بارزانی، بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاندید کراوە و سەرۆکی فراکسیۆنی حزبەکەش لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کردووە کە نێچیرڤان بارزانی بەپێی ڕێککەوتنەکان، کاندیدی پارتی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانە.