غیابی پرسە نیشتمانییەكان لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمدا

ئارام بامۆكی

هەموو داخوازییە پێش مەرجیی و پاش مەرجییەكانی هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، خاڵی بوون لە داكۆكیردن، لەسەر وەستان، تۆخكردنەوەی پرسە نشتمانییەكان.
ئەپرسین پێش مەرجی كام لایەنی سیاسیی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم ئەوە بووە كە واز لە مەرجەكانی وەستهێنانی پۆست و پلە و بەشە پەرلەمانی خۆی بهێنێت!؟، لە پێناوی كۆمەڵانی خەڵك و مافە ڕەواكانیاندا، ئەگەر وا نەبووە ئەپرسین بۆچی هێندە پێكهێنانی ئەم كابینەیە دواكەوت، ئایا هەموو هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لە دروشمە زەق و دووبارەكانیاندا بۆ پاراستنی ڕەهەندە نیشتمانییەكان دەنگ زووڵاڵتر نین!؟.
ئایا ڕەهەندی نیشتمانی بریتیی نییە لە پاراستنی سەروەری یاسا و بەرگریكردن لە تەحەدیاتەكانی سەر بەرژەوەندییەكانی هەرێم!؟.
ئایا كێشە و گرفتە سیاسیی و حیزبییەكان گەورەتر و پیرۆزتر بوون لە ئاریشە و قەیرانە نیشتمانییەكان!؟، ئەگەر هەموان كۆكین بۆ داكۆكردن و بەرگری لێكردن و خەباتكردن لە پێناوی سەروەری یاسا و پاراستنی پرسە نیشتمانییەكان، ئەی بۆ چی هەر زوو نەگەشتنە ئەنجام و دڵنیایی و سەقامگیریی سیاسیی و ئابووریی و كۆمەڵایەتی و هێنانە ئارای كەشێكی ئارام و دڵنەوا بۆ دانیشتوانەكەی هەرێم!؟.
پرسی نیشمانیی هەروا بە دروشم و وتنەوەی ناو میدیاكان ناپارێزرێت لە تەحەدیاتەكانی بەردەمی، بەڵكو پێویستی بە كار و ئەركی كردەیی هەیە، كار و ئەركی كردەیش لە بە تەنگەوەهاتن و زووڕەسیی و خۆشدەستیی و ڕازیبوونی ئەو لایەنانەوە دێت كە پێش مەرج و پاش مەرجی سیاسیانەی خۆیان بخەنە ئەولاوە و پرسە نیشتمانییەكان و وەك موقەدەس ببینن.
هەموو شەڕكردن و داكۆكیردن و تموحە حیزبییەكان بە ناوی ڕەهەندە نیشتمانییەكانەوە دەكرێت و یەك هەنگاو، یەك چركە سات، یەك توخم و مادە و یاسای دەستووریی و یەك پرسی سیاسیی نیشتمانی نەچووەتە پێشێ، یەك كێشە و قەیرانی سیاسیی و ئابووریی و كۆمەڵایەتی و ئاینیی چارەسەر نەكراوە، بگرە لە هەموو كات زیاتر هەرێم قەیرانی قوڵی نیشتمانی هەیە، هەموو شتێك لە پێناوەی مانەوەی حیزب و كەرەستە حیزبییەكاندا قوربانییە.