پشێوی زیاتر لەناوچەکە، پارەی زۆرتر بۆ ئەمریکا

دکتۆر ئاشتی ستار
هاشوهوشی ئەگەری جەنگی نێوان ئەمریکاو ئێران و گوتارە ئاگرینەکانی نێوان هەردوولا، ڕۆژ بەڕۆژ پلەی گەرمی زیاتر وەردەگرێت، ئەوەش گەواهیدەری جەنگێکی ساردە نەک ڕوودانی شەڕ و بەریەککەوتنی سەربازی، کە بەدڵنیاییەوە ڕوونادات، بەڵکو زیاتر بەرژەوەندیەکی ئابوریە لەپەنای پاڵەپەستۆ سیاسیەکە، پێشتریش باسمان کرد کە لەجەنگێکی موحتەمەلدا هەردوولا براوەن، بەواتایەکی تر هیچیان ئەوی تریان پێ ڕەش ناکرێتەوە، بەڵکو ئەو نیەتە فەڕەزیەش لەگۆڕێ نیە، چونکە بەنیسبەت ئێران، ئەو دەوڵەتە عومقێکی ئیمپراتۆری هەیەو وا ئاسان لێکناترازێ، وە چوارەمین وڵاتە لە جیهان کە زۆر بەزوویی لەڕووی زانستەوە پەرەدەسێنێ، وە لەناوخۆشدا مەناعەو بەرگریەکی باشی هەیە بۆ خۆڕاگرتن و مانەوە، لەبەرامبەردە ئەوەی پەیوەستە بە ئەمریکا خێرایی فراوان بوونی دەسەڵات و هەیمەنەیەتی لە جیهان، ئەوەش لەبەرژەوەندی ئەو ناشکێتەوە، بەڵکو لەداهاتوودا پێی بچوک دەبێتەوە، لەو بارەیەوە نمونەی زۆرمان هەیە، هەر لە ئیمپارتۆریەتی ڕۆمانی بگرە تا ئەڵمانیای نازی و ئیتالیای فاشی و یەکێتی سۆڤیەت و ….هتد.. هەر یەک لەو نموونانە زۆر بەخێرایی توانیان هەیمەنەی خۆیان بسەپێنن بەسەر زۆرینەی جیهان و دەسەڵاتی خۆیان فراوان بکەن، بەڵام نەیانتوانی پارێزگاری لەمانەوەیان بکەن، ئەمریکاش خۆی باش دەزانێ دووبارە کردنەوەی ئەزموونی ئەفغانستان و عێراق زیاتر میصداقیەتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، چونکە وەکو سەرۆکی ئەمریکا گوتی دەیان ملیار دۆلاریان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەرج کردووە کەچی ناتوانن بە ئازادی و ئارامی تێیدا بسوڕێنەوە، بۆیە ئەوەی ئێستا لەبەرژەوەندی ئەمریکایە لەلایەک دروست کردنی تەصعید و پاڵەپەستۆی سیاسی زیاترە لەناوچەکەو بەتایبەت لەسەر ئێران، لەلایەکی تریش دروست بوون و ئەنجامدانی کاری تێکدەرانەیە وەکو ئەوەی لە مینای فوجێرەی ئیماراتی ڕوویدا، لەهەردوولاشەوە پارەی زیاتر و زۆرتر بۆ ئەمریکا بەدەست دەخات.
لەکۆتاییدا مێژوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی دووبارە دەکاتەوە، بەرەبەرە وڵاتانی ناوچەکە وەکو وڵاتانی ئەمریکای لاتین دەگەنە قەناعەت کە تا دەستی دەرەکی و بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێز بوونی هەبێ، ئەو ناوچەیە سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێ، لەبەر ئەوە دەبێ بیرێکی تر لە بابەتەکە بکەنەوە، لەبەرامبەردا ئەمریکاش ئەو ڕاستیە دەزانێت، بۆیە دوو بژاردەی هەیە بۆ مانەوەی خۆی، یان دەبێ جوگرافیای و دیموگرافیای ناوچەکە بگۆڕێ، یاخود لەبری بەکارهێنانی کەشتی ئەبراهام لینکۆڵن پێویستە ژمارەی تەلەفۆنێک بەکاربهێنێ بەشەبەکەیەکی فولەوە نەکا لەحاڵەتی پەیوەندیدا بڵێ ئەو ژمارەی داوات کردووە داخراوە یان لەدەرەوەی بازنەیە..