بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانی هەرێم زانیاریی لەسەر پارەی جوتیاران دەدات

بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانی كوردستان ئاشكرای دەكات وەزیری بازرگانی عیراق چەند زانیاریەكی لە بارەی خەرجكردنی پارەی گەنمی جوتیارانی كوردستان پێداون.

نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند،هەردوو وەزیری بازرگانی و دارایی عیراق بەڵێنیانداوە كاری جدی بكەن بۆ وەرگرتن و خەرجكردنی پارەی گەنمی جوتیارانی كوردستانی بۆ ساڵانی 2014 و2015 و 2016 “.

ڕوونیكردەوە وەزیری بازرگانی عیراق جەختی كردووە پارەی جوتیاران مافێكە و دەدرێت، وەزیری بازرگانی عیراق پێی ڕاگەیاندین نوسراوێكی بۆ سەرۆك وەزیرانی عیراق كردووە بۆ هەڵوەشانەوەی بڕیارێكی پێشووی عەبادی كە بۆ خەرج نەكردنی پارەی تەواوی گەنمی جوتیارانی كوردستان دەری كردبوو، پارەكە ئامادەیە و چاوەڕوانی هەڵوەشانەوەی ئەو بڕیارەین”.

پارەی ئەو سێ ساڵەی جوتیارانی كوردستان زیاتر لە 557 ملیار دینارە.

بەرپرسەكەی وەزارەتی بازرگانی كوردستان ئاشكرای كرد لەو بڕە پارەیە تەنها 77 ملیار دینار گواستنەوەی بۆ كراوە و خەرجكراوە، “وەزیری بازرگانی عیراق ئەوەشی پێی ڕاگەیاندین 500 ملیار دینار ئامادەیە و داوای 77 ملیار دیارەكەی تریشیان كردووە بۆ خەرجكردنی”.

پێشووتر لەسەر دەمی عەبادی بەغدا لەو 557 ملیار دینارە بڕیاریدا بوو 214 ملیار دینار بنێرێت، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەمە رازی نەبوو داوای تەواوی شایستە داراییەكانی جوتیارانی كردووە.