بۆ یەکەمجار کوردستان دەچێتە سەر نەخشەى جیهانی بۆ هەڵسەنگاندنى توانستى زمانی ئینگلیزی…

بۆ یەکەم جار لە مێژوى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان پرۆسەى هەڵسەنگاندنى توانستى زمانى ئینگلیزى وەک زمانى دووەم لە ژماریەک لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ئەنجامدراو بەم تاقیکردنەوەیە هەرێمى کوردستان دەچێتە سەر نەخشەى جیهانى.
د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانى کۆبونەوەى رۆژانەى وەزارەت ڕایگەیاند “لە ئه‌مڕۆ بە دواوە هەرێمی کوردستان دەچێتە سەر نەخشەی هەڵسەنگاندنی توانستی زمانی ئینگلیزی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی”.
ئەوەشی ڕونکردەووە “ئەم پرۆسەیە لە ڕێگه‌ی تاقیکردنەوەیەکی ستانداردی توانستی زمانی ئینگلیزى ئەنجام دەدرێت کە لەلایەن دامەزراوەی (Education first) سەرپەرشتی دەکرێت و بەشێوەی ئۆنلاین دەبێت”.
د.یوسف گۆران داواشی لە هەموو مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆکان كرد کە بەشدار بن لەم تاقیکردنەوە چونکە دەرچون و دەرنەجوون لەم تاقیکردنەوەیەدا نیە بەڵکو ئەم پرۆسەیە هاوکارمان دەبێت بۆ ئەوەی باشتر لە کێشە و کەموکورتییەکانی پرۆسەی خوێندن و فێرکردنی زمانی ئینگلیزی تێبگەین.
لەبارەى ئامادەکارى زانکۆکان بۆ ئەم تاقیکردنەوەیە وتی “لە ئێستادا لە بەشێکى زۆرى زانکۆکانى کوردستان سێنتەرو پێداویستیەکانی کۆمپیوتەر و ئینتەرنێتیان دابینکردوەو رۆژانە مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابیان بەشێوەیەکى بەرچاو بەشدارى لە تاقیکردنەوەکان دەکەن”.
جێگەى ئاماژەیە دامەزراوەی (Education First) یەکێکە لە دامەزراوە زانستییە نێودەوڵەتییەکان و سەرپەرشتى ئەم تاقیکردنەوەیە دەکات، ساڵانە لە ڕێگه‌ی تاقیکردنەوەیەکی ستانداردی زمانی ئینگلیزییەوە ئاستی توانستی زمانی ئینگلیزی زياتر لە (٨٠) وڵاتی دونیا هەڵدەسەنگێنن و دواتر داتاکانی توانستی زمانی ئینگلیزی دەبەستنەوە بە ئاماژەکانی گەشەکردنی ئابووری و گەشەپێدانی مرۆیی و توێژینەوە و پەرەپێدانەوە.