پرۆژەیەک بۆ زیادکردنی دەرماڵەی فەرمانبەران دەدرێتە پەرلەمان

هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا داوا لە پەڕلەمانی عیراق دەكات بە بڕیارێك دەرماڵەی منداڵ لەسەر مووچەی فەرمانبەران زیاد بكات.

بەپێی نووسراوێكی خەڵەف عەبدولسەمەد، سەرۆكی كوتلەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە پەڕلەمانی عێراق، كە بە واژۆی ژمارەیەك پەڕلەمانتارەوە ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمانی كردووە، داوای كردووە دەرماڵەی منداڵ لە مووچەی فەرمانبەرانی سەرجەم عیراق زیاد بكرێت.

هەر بەپێی پێشنیارەكە،کەوێنەیەکی دەست دیجیتاڵ میدیای هاوپەیمانی  داوا كراوە دەرماڵەی منداڵ لە 10 هەزار دینارەوە زیاد بكرێت بۆ 25 هەزار دینار بۆ هەر منداڵێك و ئەو دەرماڵەیە تا 4 منداڵ بگرێتەوە.

هاوكات سەرۆكایەتی پەڕلەمان پێشنیارەكەی ئاڕاستەی لیژنەی دارایی و یاسایی كردووە بۆ داڕشتنەوە و نووسینی ڕاپۆرتی خۆیان، بەڵام بەپێی زانیارییەكان بەهۆی ئەوەی پڕۆژەكە پاشخانێكی دارایی هەیە، دەبێت حكومەتی عیراق ڕەزامەندی لەسەر بدات.

بەپێی یاسای مووچەی ساڵی 2008، كە یاسایەكی سەرتاسەرییە لە عیراق، مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەكانی وەك بڕوانامە و خێزان و منداڵ دیاریكراون و لە عێراق و هەرێمی كوردستان كاری پێ‌دەكرێت، بۆیە لەئەگەری دەستكاری كردنی لەلایەن عیراقەوە دەبێت هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە.