وەزارەتی پەروەردە لە ڕۆژی جیهانیی منداڵاندا ‌پەیامێک بڵاودەکاتەوە

بچووکردنەوە گەورەکردن

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی منداڵانەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ڕای دەگەیەنێت  “کار دەکەین کە بە شێوەیەکى سەردەمیانە و لەسەر بنەمای زانیاری و هزرى قبوڵ کردن و ڕێزگرتن نەوەیەک پەروەردە بکەین”.

 

پەیامەکەی وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا هاتووە “وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەدابینکردنى خوێندن بە خۆڕایی و دروستکردنى ژینگەیەکى لەبار بۆ منداڵان هەر لە قۆناغى باخچەى منداڵانەوە تا دواقۆناغى ئامادەیی، کارى لەسەر پەروەردەکردنى نەوە یەک لە دواى یەکەکان کردووە و لەم پێناوەشدا هەموو ئاسانکارییەکى بۆ کردوون”.

 

راشیگەیاندووە “وەزارەتى پەروەردە کار دەکات کە بە شێوەیەکى سەردەمیانە و لەسەر بنەمای زانیاری و هزرى قبوڵ کردن و ڕێزگرتن و ژینگەپارێزى منداڵان پەروەردە بکات”.

 

وەزارەتی پەروەردە ڕوونیشی کردووەتەوە “ساڵ لە دواى ساڵ ڕێژەى ئەو منداڵانەى کە دەنێردرێنە بەر خوێندن زیاتر دەکەن و ئەمساڵى خوێندنى (٢٠١٨ ـ ٢٠١٩) زیاتر لە ٦٠ هەزار قوتابی لە پۆلى یەکەمى بنەڕەتى تۆمار کراون کە بە درێژایی مێژووى وەزارەتى پەروەردە شتى وەها نەبینراوە”.