ئێران داوایەک ئاراستەی وڵاتانی کەنداو دەکات

بچووکردنەوە گەورەکردن

ئێران پێشنیازێکی خستە بەردەم دەوڵەتانی کەنداو بۆ ئیمزاکردنی پەیماننامەیەک، کە هیچیان دەستدرێژی نەکەنە سەر ئەویدیکەیان و هاوپەیمانیەتییەک لەگەڵ دەوڵەتانی دیکەش پێکبهێنن.

 یەحیا ڕەحیم سەفەوی ڕاوێکاری سەربازیی عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بەردەوام لە هەوڵی چەسپاندنی پەیوەندییەکی دۆستانەیە لەگەل وڵاتانی هاوسێدا و ستراتیژییان ئەوەیە کە ململانێ نەکەن لەگەڵ هاوسێکان.

ئامادەیی ئێرانیشی دەربڕی بۆ ئیمزاکردنی پەیماننامەیەک کە هیچ دەوڵەتێکی ناوچەکە دەستدرێژی نەکاتە سەر ئەوانی تر و پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک لەگەڵ دەوڵەتانی دیکەشدا.

ڕەحیم سەفەوی ئاماژەی بەوەکردووە ئەمریکییەکان زیاتر لە ٢٥ بنکەی سەربازییان هەیە لە ناوچەکەدا، بە تایبەت بوونی فەرماندەیی بنکەی ئاسمانی ئەمریکا لە قەتەر کە بەلای ئێرانەوە تیرۆریستییە، هەروەها بوونی بنکەیەکی هێزی پیادەی دەریایی لە کوەیت و بنکەیەکی هێزە دەریاییەکان لە بەحرەین، کە سەرجەمیان زیاتر لە ٢٠ هەزار سەربازیان تێدایە، بۆیە دەبێت ئەمریکییەکان بزانن کە ئەو هێزانەیان لەبەردەم هێرشی موشەکەکانی ئێراندایە.

ڕاوێژکاری سەربازیی خامنەئی جەختیکردەوە، کەشتیەلی ئەمریکا و بیانییەکان لە کەنداو بە هەمان شێوەیە لەبەردەم ڕەحمەتی موشەکی هێزی دەریایی سوپای پاسداراندایە.