د.کاروان حەمەساڵح: سەرۆکی هەرێم دەبێت سەرۆکی هەموو هەرێم بێت بێ جیاوازی

بچووکردنەوە گەورەکردن

ئەندامێکی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانیی نیشتمانیی ڕایگەیاند، دەبێت سەرجەم دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دامەزراوەی خەڵک بن و بۆ خەڵک بن.

 

 

د.کاروان حەمەساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانیی نیشتمانی لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دەنگی کوردیی ڕادیۆی ئوسترالیا ڕایگەیاند “ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە لە دانوستانەکاندا بەرژەوەندی هاوڵاتیان لەبەرچاو گیرابێت”.

 

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد “داوا دەکەین پەلەبکرێت بە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی چیتر هاوڵاتیان نەکرێنە قوربانی خواستە حیزبیەکان”.

 

 

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی وتیشی “دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان بەجۆرێکە کە ناتوانرێت براوەی سەرەکی حکومەت پێکبهێنێت و هێشتا لە قۆناغی ڕاگوزەرداین و دەبێت سەقامگیری سیاسیی و ئیداریی زۆر لەبەرچاوبگیردرێت”.

سەبارەت بە دیدگای هاوپەیمانی بۆ پرۆسەی حوکمڕانیی، ناوبراو ڕوونیکردەوە “هاوپەیمانی دیدگایەکی نیشتمانیی هەیە و دەمانەوێت لەئاستی ناوخۆدا حکومەتی هەرێم بە یەک چاو سەیری هەموو ناوچە و پێکهاتەکان بکات و خزمەت بە هاوڵاتیان بکرێت و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا دەبێت پەیوەندیەکان بخرێتە خزمەتی بەرژەوەندیە نشتیمانییەکان”.

 

سەرکردەکەی هاوپەیمانی سەبارەت بە کاریگەری دامەزراوەکان لە هەرێمی کوردستان وتی “سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمان دەبێت لە سەرجەم ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتیان هەبێت و سەرۆکی هەموان بن و دووئیدارەیی تێپەڕێنرێت بۆ ئەوەی دامەزراوەکان دامەزراوەی خەڵکی کوردستان بن، ئەمەش پێویستی بە ئیرادەی نیشیتمانی هەیە“.